Accessibility links

له‌ شاری نه‌جه‌ف هه‌لیكۆپته‌رێكی هێزی دەریایی ئه‌مریكا خراوەته‌ خوارێ - 2004-08-05


له‌شكری ئه‌مریكی له‌ عێراقدا ڕادەگه‌یه‌نێت كه‌وا هه‌لیكۆپته‌رێكی سه‌ر به‌ هێزی دەریایی له‌ شاری نه‌جه‌ف له‌ ماوەی شه‌ڕێكی قورسی نێوان هێزەكانی ئه‌مریكا و لایه‌نگرانی مه‌لای شیعه‌ ڕادیكاڵه‌كان موقته‌دا ئه‌لسه‌در ته‌قه‌ی لێكراوە و خراوەته‌ خوارێ. قسه‌كه‌رێكی له‌شكری گوتویه‌تی مارینزەكانی ناو ئه‌و هه‌لیكۆپته‌رە بریندار بوون و دەرهێنراون.

له‌شكری ئه‌مریكی دەڵێت ئه‌و پێكدادانه‌ له‌ نه‌جه‌ف دەستی پێكرد و كاربه‌دەستانی ناوخۆ داوای یارمه‌تی مارینزەكانیان كرد پاش ئه‌وەی لایه‌نگرانی سه‌در بۆ دوو جار هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر بنكه‌ی سه‌رەكی پۆلیسی شارەكه‌.

كاربه‌دەستانی نه‌خۆشخانه‌كان دەڵێن به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وە سێ كه‌س گیانیان له‌ دەستداوە.

له‌ لایه‌كی ترەوە، له‌ شاری به‌سرە لایه‌نگرانی هه‌مان مه‌لای شیعه‌‌ی ڕادیكاڵه‌كان هه‌ڕەشه‌یان كردووە و گوتویانه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو چه‌كدارە دەستگیركراوەكانیان ئازاد نه‌كرێن ئه‌وا ئه‌مان ڕاپه‌ڕینێكی نوێ له‌ دژی سه‌ربازە به‌ریتانیه‌كان هه‌ڵدەگیرسێنن.

له‌ هه‌مان كاتدا، له‌ ئه‌نجام ته‌قینه‌وەی ئۆتۆمبیلێكی بۆمب چێنراو له‌ دەرەوەی بنكه‌یه‌كی پۆلیس له‌ شاری مه‌حاویل كه‌ دەكه‌وێته‌ باشوری به‌غداوە نزیكه‌ی پێنج كه‌س كوژراوە و 20 كه‌سی تریش بریندار بووە.

له‌م بارەیه‌وە، په‌یامنێری به‌شی كوردی دەنگی ئه‌مریكا سروە عه‌بدولواحد له‌ به‌غداوە ڕاپۆرتێكی بۆ ناردووین. بۆ گوێگرتن له ته‌واوی ئه‌و ڕاپۆرته‌ كلیكی ئه‌و ئۆدیۆ فایله‌ی لای سه‌رەوەی ئه‌م لاپه‌ڕەیه‌ بكه‌.

XS
SM
MD
LG