ئه‌م پێكدادانه توندە خوێناویه له به‌یت ئه‌لحه‌نوون دەستی پێكردووە، ئه‌وەبوو له سه‌رەتای هه‌فته‌ی ڕابووردوودا هێزە ئیسرائیلیه‌كان په‌لاماری ئه‌و شارەیان دابوو تاوەكو ڕێگه له چه‌كداران بگرن چیتر رۆكێتی خۆماڵی دروستكراو هه‌ڵنه‌دەن بۆ ناوچه ئیسرائیلیه‌كان. فه‌له‌ستینیه‌كانیش ئه‌و كوژراوانه‌یان به میلیشیاكانی شوهه‌دا ئه‌لئه‌قسا و حه‌ماس ناساندبوو.
له باشوری كه‌رتی غه‌ززە، به هۆی ته‌قینه‌وەی بۆمبێكی سه‌ر ڕێگا چێنراو ئوتۆمبیلێكی له‌شكری ئیسرائیلی له نزیك ناوچه‌یه‌كی نیشته‌جێی جوله‌كه‌كان ته‌قیوەته‌وە و بۆته هۆی كوشتنی چوار سه‌ربازی ئیسرائیلی. گروپی چه‌كداری جهادی ئیسلامیش به‌رپرسێتی خۆیان به‌رامبه‌ر به چاندنی ئه‌و بۆمبه سه‌ر ڕێگایه نیشانداوە.
له ناوچه‌ی خان یونسیش، فه‌له‌ستینیه‌كان دەڵێن ئیسرائیلیه‌كان ته‌قه‌یان به سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا كردووە و له ئه‌نجامدا چوار كه‌س بریندار بووە ئه‌مه له كاتێكدا كه ئیسرائیلیه‌كان به كه‌رەسته‌ی به‌هێزەوە چه‌ند ماڵێكیان ڕووخاندووە و دەیان دار و درەختی زەیتون و پڕته‌قاڵیشیان له‌ناو بردووە.