Accessibility links

زەرقاوی هه‌ڕەشه‌ی كوشتنی ئه‌یاد عه‌لاوی كردووە - 2004-06-23


له‌ شریتێكی دەنگیدا كه‌ پێدەچێت دەنگی ئه‌بو مه‌سعه‌ب ئه‌لزەرقاوی سه‌ر به‌ تۆری تیرۆرستی ئه‌لقاعدە بێت، هه‌ڕەشه‌ی كوشتنی ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆك وەزیری حكومه‌ته‌ كاتیه‌كه‌ی عێراق دەكات.

جێی باسه‌، ئه‌و شریته‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕێكی ئیسلامی بڵاوبۆته‌وە دەڵێت: به‌ڕێز عه‌لاوی تا ئێستا پێی نه‌زانیوە كه‌ له‌ چه‌ند هه‌وڵی كوشتن ڕزگاری بووە.

هه‌روەها دەڵێت: ئه‌ویش رووبه‌ڕووی هه‌مان چارەنوسی عیزەدین سه‌لیم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی حوكمڕانی عێراق دەبێته‌وە كه‌ له‌ مانگی پێشوودا له‌ ماوەی ته‌قینه‌وەیه‌کی خۆكوژیدا له‌ به‌‌غدا گیانی له‌دەستدا.

ژەنه‌ڕاڵی ئه‌مریكی مارك كیمیت به‌ڵێنی داوە به‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر ئه‌ندامه‌كانی تۆری تیرۆرستی زەرقاوی له‌ هه‌ر شوێنێكدا و له‌ هه‌ر كاتێكدا بێت.

له‌ لایه‌كی تریشه‌وە، سه‌رۆكی كۆریای باشور رووه موهیۆن به‌ توندی كوشتنی به‌ڕێز كم سه‌نئیل ی ئیدانه‌ كرد، به‌ڵام بڕیاری حكومه‌ته‌كه‌ی دووپات كردەوە به‌ ناردنی هێزی زیاتر بۆ عێراق له‌بری ئه‌وەی سه‌ر بۆ تیرۆرستان دانه‌وێنێت.

له‌ هه‌مان دەمدا، له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وەی بۆمبێك له‌ به‌غدا دوو كه‌س كوژراوە و له‌ ته‌قینه‌وەیه‌كی تردا له‌ شاری موسڵ پاسه‌وانێكی سیڤیڵ گیانی له‌ دەستداوە.

XS
SM
MD
LG