Accessibility links

به پێی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی ئۆفیسی ئه‌لسه‌در له عێراق داوا له لایه‌نگرانی ده‌كات خۆپیشاندانه‌كانیان ڕابگرن - 2004-04-05


له عێراق دوا به‌دوای ئه‌وه‌ی لایه‌نگرانی پیاوی ئاینی ڕادیكاڵی شیعه‌ ئاینزاكان موقته‌‌دا ئه‌لسه‌در له ژماره‌یه‌ك شاری عێراقدا خۆپیشاندانیان ساز دابوو، پێكدادانی خوێناوی له نێوان خۆپیشانده‌ره‌ چه‌كداره‌كان و هێزه‌كانی هاوپه‌یماناندا ڕوویاندا.

خۆپیشانده‌ران داوای ئازاد كردنی گه‌وره یاریده‌ده‌رێكی موقته‌دایان ده‌كرد كه ناوی موسته‌فا ئه‌لیه‌عقوبییه و ڕۆژی شه‌ممه كاربه‌ده‌ستانی هاوپه‌یمانان ده‌ستگیریان كرد به هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی به ڕووداوی كوژرانی پیاوێكی تری شیعه ئاینزاوه هه‌یبووه.

هه‌روه‌ها زۆریش له خۆپیشانده‌ره‌كان ناڕه‌زاییان به‌رامبه‌ر به بڕیاره‌كه‌ی ووڵاته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ربڕی بۆ داخستنی ڕۆژنامه‌یه‌ك كه موقته‌دا ئه‌لسه‌در به‌ڕێوه‌ی ده‌برد و كاربه‌ده‌ستانی هاوپه‌یمانانیش ده‌رهه‌ق به‌م ڕۆژنامه‌یه گوتویانه هاندانی توندو تیژی ده‌كات.

له‌م باره‌یه‌شه‌وه پۆڵ برێمه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری هاوپه‌یمانان له عێراق گوتویه‌تی به‌ڵێ له عێراق بڕوامان به ئازادی ڕا ده‌ربڕین هه‌یه به‌ڵام ده‌بێت ئه‌م ئازادیه‌ به‌ ڕێگه‌یه‌كی ئاشتیانه ده‌رببڕدرێت یان جێ به‌جێ بكرێت.

به‌ڕێز برێمه‌ر ده‌ڵێت: " دوێنێ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك له نه‌جه‌ف له سنووری خۆیان ده‌رچوون و هانایان برده به‌ر توندوتیژی و ئه‌مه كارێكه لێخۆشبێنی نییه."

مه‌سعود بارزانی كه یه‌كێكه له ڕێبه‌رانی كورد و سه‌رۆكی گه‌ڕی ئه‌م مانگه‌ی ئه‌نجومه‌نی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی عێراقه ئه‌میش ئیدانه‌ی ئه‌م توند و تیژیانه‌ی كردووه و گوتویه‌تی ده‌بێت عێراقیه‌کان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه و به ڕێگای دیموكراتیانه ڕاكانی خۆیان ده‌ربڕن.

به پێی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی ئۆفیسی ئه‌لسه‌در، ئه‌م ڕێبه‌ره كاریگه‌ره‌ی شیعه ئاینزاكان كه به ڕه‌خنه‌گرتنێكی توندو ڕه‌ق به‌رامبه‌ر به هاوپه‌یمانانی به‌سه‌ر كردایه‌تی ئه‌مریكا ناسراوه، داوا له لایه‌نگرانی ده‌كات خۆپیشاندانه‌كانیان ڕابگرن.

له شوێنه‌كانی تری عێراقیش هێزه سه‌ربازیه‌كانی به‌ڕیتانیا له شاری عه‌مماره‌ی باشووری عێراق له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی ئه‌لسه‌دردا به یه‌كیاندا داوه و هیچ ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت به زیانی گیانی نه‌دراوه.

له شاری كه‌ركوك ی باكووری عێراقیش كابرایه‌ك له‌ناو ئۆتومبێلێكدا له نزیك خۆپیشاندانێكی تری شیعه‌كانه‌وه خۆی ته‌قاندۆته‌وه و له‌م ڕووداوه‌یاندا به‌لانی كه‌مه‌وه دوو سه‌ربازی ئه‌مریكی و پێنج كه‌سی عێراقی بریندار بوون.

هاوكاتیش ده‌سته‌یه‌كی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه له‌خزه‌ر براهیمی نێردراوی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات گه‌یشتۆته عێراق به مه‌به‌ستی ووتوێژكردن له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی عێراق سه‌باره‌ت به ئاینده‌ی سیاسی ووڵاته‌كه.

XS
SM
MD
LG