كاربه‌ده‌ستانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێن سه‌رۆك بوش پلانی دانانی كۆمیسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه بۆ لێكۆڵینه‌وه كردن سه‌باره‌ت به‌و زانیاریانه‌ی به‌ر له شه‌ڕ له سه‌ر عێراق هه‌بوون كه تایبه‌ت بووه به چه‌که كۆمه‌ڵ كوژیه‌كان و تا ئێستا هیچی ئه‌و چه‌كه ته‌فروتوناكه‌رانه نه دۆزراونه‌ته‌وه. كاربه‌ده‌ستان كه داوای ئه‌وه‌یان كردووه ناویان نه هێنرێت، به په‌یامنێرانیان گوتووه وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا سه‌رۆك بوش ڕاگه‌یاندنی تایبه‌تی سه‌باره‌ت به پێك هێنانی ئه‌و لیژنه‌یه بدات. پێشتر سه‌رۆك بوش دژی دامه‌زراندنی ئه‌م كۆمیسیۆنه بووه به‌ڵام كه‌وتبووه ژێر فشارێكی زۆری هه‌ردوو لایه‌نی كۆماری و دیموكراته‌كانیشه‌وه كه ده‌بێت ده‌ست بكات به لێكۆلینه‌وه كردن. له هه‌فته‌ی ڕابردوودا ده‌یڤد كه‌ی سه‌رۆكی پشكنینی چه‌كی ئه‌مریكا له عێراق گوتبووی له‌و بڕوایه‌دایه زانیاریه‌كانی به‌ر له شه‌ڕی عێراق هه‌بوون نزیكه‌ی هه‌ر هه‌موو هه‌ڵه بوون. به‌ڕێز كه‌ی گوتویه‌تی له‌و بڕوایه‌دا نییه عه‌مبارێكی زۆری چه‌كی ناوكی و كیمیایی و بایلۆجی له عێراق بدۆزرێته‌وه.