Accessibility links

بڕیاری لیژنه‌ی لێـپـرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری په‌رله‌مانی عێراق و کاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌ڵـبژاردنه‌کاندا


لیژنه‌ی لێـپـرسـینه‌وه‌ و دادوه‌ری بڕیاری خۆیان دا بۆ دورخسـتنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی دیالۆگی نیشـتیمانی عێراقیـیه‌کان که‌ سـاڵح موتڵه‌گ سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات و 14 لایه‌ن و قه‌واره‌ی تریش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی مانگی سـێی عێراق.

بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ ده‌روازه‌ی به‌ ڕووی قه‌یرانێـکی تری سـیاسیدا کرده‌وه‌ له‌ عێراقدا. قه‌یرانێـک که‌ زۆرێـک له‌و لایه‌نانه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ به‌ درێژه‌پـێدانی قه‌یرانی ئاین‌زایی عێراقی به‌ شه‌ڕ وێران‌بوو ناودێری ده‌که‌ن.

زۆرێـک له‌ چاودێره‌ سـیاسیـیه‌کان پـێـیان وایه‌ کێبڕکێـیه‌کی توند له‌م هه‌ڵـبژاردنه‌ی وڵاته‌که‌دا دێته‌ کایه‌. کێـبڕکێـیه‌ک ده‌گاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ململانه‌ی سیاسیشی به‌دوادا بێت له‌سه‌ر پـۆسـته‌ سه‌ره‌کیـیه‌کانی وڵاته‌که‌ که‌ به‌ دور نازانرێت ناوخودی پـێـکـهاته‌کانی عێراقیش بگرێته‌وه‌ وه‌ک ئه‌و ناکۆکیـیه‌ی ئێسـتا له‌ نێوان لایه‌نه‌کانی عه‌ره‌بی شیعه‌دا باسی لێوه‌ ده‌کرێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پـۆسـتی سه‌رۆک وه‌زیری.

له‌ ئێسـتادا پـرسـیار گه‌لێـکی زۆر شه‌قامی عێراقی گرتۆته‌وه‌، له‌وانه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی پـێشـتر به‌شـداری پـرۆسه‌ی سـیاسی عێراق بوون و په‌ناپارێزی په‌رله‌مانیشـیان هه‌یه‌ له‌ ئێسـتادا ڕێـیان لێـده‌گیرێت له‌وه‌ی به‌شـداری له‌ هه‌ڵـبژاردندا بکه‌ن؟

ئه‌م بڕیاره‌ به‌ لای هه‌ندێـک له‌ نووسـه‌رانی عه‌ره‌به‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌یه‌کی کوشـنده‌ باس ده‌کرێت.

هاوکاتی ئه‌م گێرمه‌وکێشـانه‌ی ناو عێراق سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی پاش سه‌ردانه‌که‌ی بۆ هه‌رێمی کوردسـتانی عێراق ڕایگه‌یاندووه‌ ڕێبه‌رانی کورد تاڵه‌بانی و بارزانی به‌ ته‌نگ داواکه‌یه‌وه‌ هاتوون بۆ پـێـکهێنانی به‌ره‌یه‌کی به‌رفراوانی سـیاسی بۆ ڕێبه‌رایه‌تیـکردنی وڵاته‌که‌ له‌ پاش هه‌ڵبژاردن.

ئه‌م هه‌ڵـبژاردنانه‌ چه‌ندێـک ڕێـکه‌وتن له‌سه‌ر شێـوازێـکی نوێ بۆ قۆناغێـکی نوێی چوار سـاڵه‌ ده‌هێنێته‌ کایه‌ که‌ سه‌روه‌ری عێراقی تیادا پارێزراوبێت و پـرسـیاری هه‌ره‌ سه‌ره‌کیش ئه‌وه‌یه‌ ئایا هاوپه‌یمانێـتیـیه‌کانی ئه‌م جاره‌ی کورده‌کان له‌سه‌ر چ بنچینه‌یه‌ک ده‌بێت؟... ئایا ده‌توانرێت کێشه‌ هه‌ڵپه‌سـێراوه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر چاره‌سه‌ر بکات؟

بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ هاوکارمان به‌ڵـێن سـاڵح له‌ به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشـنتنی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا میوانداری ئازاد چالاک، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق کردووه‌.
ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی به‌رنامه‌که‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی کلیـکـکردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌که‌ی 49:45 خوله‌که‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG