Accessibility links

خه‌ڵـکی هایتی له‌ چاوه‌ڕوانی گه‌یشـتنی یارمه‌تدیـیه‌کاندان


گه‌لی هایتی زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ سـێـیه‌م شه‌ویان له‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی پۆرت ئۆ پرنسی پایته‌خت به‌سه‌ر برد له‌ کاتێکدا چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی ئه‌و یارمه‌تیـیانه‌ ده‌که‌ن که‌ په‌یمانیان پێ‌دراوه‌، ئه‌مه‌ش دوابه‌دوای بومه‌له‌رزه‌ وێرانکه‌ره‌که‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌.

چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت ئه‌مڕۆ هه‌ینی که‌شتی فڕۆکه‌ هه‌ڵگری(USS Carl Vinson) ی ئه‌مه‌ریکایی بگاته‌ که‌ناری هایتی. ئه‌م که‌شتیـیه‌ له‌وێ وه‌کو فڕۆکه‌خانه‌ به‌کار دێت بۆ ئه‌و هه‌لیکۆپته‌رانه‌ی که‌ تیمه‌کانی فریاگوزاری و که‌لوپه‌لی ته‌نگه‌تاوی ده‌گه‌یه‌ننه‌ هایتی.

هێز و که‌ره‌سته‌ی خۆراک و ده‌رمانی زۆربه‌ی وڵاتان له‌ ڕۆژی پـێجشه‌ممه‌وه‌ گه‌یشته‌ هایتی پاش ئه‌وه‌ی خراپترین بومه‌له‌رزه‌ له‌ مێژووی 200 ساڵه‌ی ئه‌و وڵاته‌ پایته‌ختی وڵاته‌که‌ی وێران کرد.

کاربه‌ده‌ستانی ئاژانسه‌کانی فریاگوزاری ڕاده‌گه‌یه‌نن تاڵانی خۆراک و که‌ل‌وپه‌لی پێویست بۆته‌ گرفتێکی زۆر له‌ کاتێک دا خه‌ڵکی تا دێ و زیاتر پێویستیـیان پێی ده‌بێت.

کاربه‌ده‌ستانی خاچی سـوور مه‌زه‌نده‌ ده‌که‌ن به‌هۆی ئه‌و بومه‌له‌رزه‌یه‌ی که‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌سه‌ر پێوانه‌ی ڕێخته‌ری 7 بوو و بۆته‌ هۆی مردنی 45 بۆ 50 هه‌زار که‌س له‌و وڵاته‌دا.

خانووبه‌ره‌ و بیناکانی حکومی له‌ پایته‌ختی هایتی ته‌خت بوون و ژماره‌یه‌کی زۆر که‌سیش ژێری که‌وتوون.

ئه‌و ته‌رمانه‌ی تا ئێستا دۆزراونه‌ته‌وه‌ به‌ چه‌رچه‌فه‌وه‌ ئاڵاون و له‌و گه‌رمایه‌ به‌ ڕێز دانراون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG