Accessibility links

کڕێوه‌یه‌کی به‌فر باکوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکای سـپی کردووه‌


کڕێوه‌یه‌کی به‌فر زۆر ناوچه‌ی باکوری ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا گرتۆته‌وه‌ له‌ نێویاندا واشـنتنی پایته‌خت و بۆته‌ مایه‌ی زه‌حمه‌تکردنی هاتوچۆ.

به‌فره‌که‌ له‌ شه‌وی هه‌ینیـیه‌وه‌ ده‌سـتی به‌ بارین کردووه‌ و تا ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ هه‌ندێـک ناوچه‌ 38 سانتیمه‌تر باریوه‌ و به‌پـێی شـاره‌زایانی که‌ش‌وهه‌وا پـێشـبینی ده‌کرێت بارینی به‌فر تا به‌یانی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ به‌رده‌وام‌بێت و له‌ هه‌ندێـک ناوچه‌ بگاته‌ 60 سانتیمه‌تر. ده‌شڵێن له‌ سـاڵی 1932 وه‌وه‌ ناوچه‌که‌ به‌فربارینی وای به‌خۆوه‌ نه‌دیوه‌.

ڕۆژی شه‌ممه‌ کاربه‌ده‌سـتان داوایان له‌ هاوڵاتیـیان کرد له‌ ماڵه‌کانی خۆیان بـمێنـنه‌وه‌ چونکه‌ به‌فره‌که‌ به‌ خێرایی‌یه‌ک ده‌بارێت که‌ کارمه‌ندانی پاکـکردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌کان فریای ناکه‌ون.

له‌گه‌ڵ گیرانی شه‌قامه‌کان به‌ به‌فر و سه‌ختی هاتۆچۆ زۆربه‌ی تاکسی و پاسه‌کانی واشـنتنی پایته‌خت له‌ کارکردن وه‌سـتان. هه‌روه‌ها به‌فر له‌سه‌ر هێڵی میترۆکانیش کۆبۆته‌وه‌ و کاری ئه‌وانیش گرفتی تێـکه‌وتووه‌. هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ گشته‌ ئاسـمانیـیه‌کانیش ڕاگیراوه‌.

هاوکاتی ئه‌م به‌فربارینه‌ چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت سه‌رۆک ئۆباما به‌گه‌ڕێته‌وه‌ وڵات پاش ئه‌وه‌ی له‌ کۆنفرانسی که‌ش‌وهه‌وا له‌ کۆپنهاگن به‌شـداری کرد. ماشێنه‌کانی به‌فر ڕاماڵین‌ خه‌ریکی لابردنی به‌فری سه‌ر ڕێ‌ڕه‌وی نیشـتنه‌وه‌ی بنکه‌ی ئاسـمانی ئه‌ندروسن تا فڕۆکه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ناسـراو به‌ (Air Force One) لێی بنیشێته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رۆک ئۆباما گوتوویه‌تی ئه‌و خۆشـحاڵه‌ به‌وه‌ی به‌فرێـکی به‌و شـێوه‌یه‌ ده‌بینێت چونکه‌ شـاره‌که‌ی خۆی (شیکاگۆ) ی وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ به‌ به‌فربارینی زۆر و زسـتانی سه‌خت به‌ ناوبانگه‌.

هاوکاتیش زۆر خه‌ڵـکیش هه‌یه‌ به‌م به‌فره‌ خۆشـحاڵین چونکه‌ له‌ کاتێـکی ساڵه‌که‌دا ده‌بارێت که‌ سه‌رقاڵی کڕینی دیاریـیه‌کانی جه‌ژنی کریسـمس ده‌بن.

XS
SM
MD
LG