Accessibility links

به‌ڵێنی ناتۆ بۆ ڕه‌وانه‌کردنی هێزی زیاتر بۆ ئه‌فغانسـتان


به‌ڵێنی ناتۆ بۆ ڕه‌وانه‌کردنی هێزی زیاتر بۆ ئه‌فغانسـتان

به‌ڵێنی ناتۆ بۆ ڕه‌وانه‌کردنی هێزی زیاتر بۆ ئه‌فغانسـتان

ناتۆی هاوپه‌یمانی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا پشتگیری به‌هێزی خۆی بۆ به‌رێوه‌چوونی ئه‌رک له‌ ئه‌فغانستان ده‌ربڕیوه‌. ئه‌ندێرس فۆگ ڕاسمۆسینی سکرتیری گشتی هاوپه‌یمانی ناتۆ گوتی بڕیاری براک ئۆبامای په‌یوه‌ست به‌ زیادکردنی به‌رچاوی ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریکایی بۆ هه‌ڵمه‌تی له‌شکری له‌ ئه‌فغانستان به‌ ڕابه‌رایه‌تی هێزه‌کانی ناتۆ، به‌ڵگه‌ی سووربوونی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکایه‌ له‌مه‌ڕ ئه‌و ڕێبازه‌ی که‌ ئه‌و دایڕشت و ستراتیژێکی سیاسی به‌رینتری ئه‌وه‌ بۆ سه‌رکه‌وتن. به‌شداری ئه‌مه‌ریکا له‌ ئه‌رکی ناتۆ هه‌میشه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌کی به‌رچاو بووه‌.

به‌ڵام به‌ڕێز "راسمۆسین" ی سکرتێری ناتۆ ده‌ڵێت، ئه‌مه‌ ته‌نها ئه‌رکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا نیـیه‌. به‌ لای که‌م 25 وڵات ڕایانگه‌یاندووه‌ ئه‌وان هێزی زیاتر له‌ ساڵی 2010 دا ڕه‌وانه‌ی ئه‌فغانستان ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکایی له‌و وڵاته‌ بکه‌ن.

هیله‌ری کلنتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا گوتی وڵاتانی هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریکا به‌ڵێنی نزیکه‌ی 7000 سه‌ربازی نوێـیان داوه‌. هه‌روه‌ها خانم کلنتن گوتی ئه‌مه‌ تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی گرنگه‌ بۆ هاوپه‌یمانی ناتۆ. واتا ئه‌ هاوپه‌یمانه‌ی که‌ مه‌زنترین و سه‌رکه‌وتووترین هاوپه‌یمان بووه‌ له‌ مێژودا. هیله‌ری کلنتن ده‌شڵێت کاریکی گرنگه‌ ئێمه‌ له‌و ئه‌رکه‌دا پته‌و و هه‌روه‌ها کۆڵنه‌ده‌ربین و ئه‌رکه‌که‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نین. ناوبراو گوتیشی ئێمه‌ پـێکه‌وه‌ کارده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی په‌ناگه‌ی قاعیده‌ نه‌هێڵین و خێرای گوژمی تالیبان بۆ روخاندنی حکومه‌تی ئه‌فغانستان پێچه‌وانه‌ بکه‌ینه‌وه‌ و هه‌روه‌ها تواناکانی ئه‌فغانی به‌هێز بکه‌ین، تاوه‌کو خۆیان به‌رپرسیرێتی ئاسایشی بگرنه‌ ئه‌ستۆ.

به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م ئامانجانه‌ پـێویست به‌ ئاوێته‌کردنی له‌شکری و پرۆگرامی درێژده‌می هاوکاری سیڤیلی ده‌بێت. ئامانجه‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ کۆمه‌کی ئابووری کاریگه‌ر بدرێته‌ ئه‌فغانستان بۆ ئه‌وه‌ی بره‌و به‌ به‌شی کشتوکاڵی ئه‌فغانی بدات، ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی مێژویـیه‌وه‌ کرۆکی ئابووری ئه‌فغانستانه‌. ئه‌مه‌ش کار ده‌خوڵقێنیت و دابینکردنی بوجه‌ بۆ تالیبان که‌م‌ده‌کاته‌وه‌، ئه‌و بوجه‌یه‌ی له‌ چاندنی ڕوه‌کی حه‌شیش ده‌یچننه‌وه ‌و هه‌روه‌ها یاخیبووان له‌ به‌ره‌کانی جه‌نگ دور ده‌خاته‌وه‌.

هاوکات ستراتیژه‌ نوێـیه‌که‌ باس له‌ چاره‌سه‌ری ناوچه‌ی سنووری به‌رینی نێوان ئه‌فغانستان و پاکستان ده‌کات. له‌و شوێنه‌ی چه‌کدارانی تالیبان ڕیشه‌یان تیادا داکوتیوه‌. هه‌ر بۆیه‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا تواناکانی پاکستان به‌هێز ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌وانه‌ بکاته‌ ئامانج، ئه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌ردوو پاکستان و ئه‌فغانستان ده‌که‌ن.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌ڵێت، ده‌رئه‌نجام ته‌نها هاوڵاتیانی ئه‌فغانی خۆیان ده‌توانن بڕیار بده‌ن که‌ گه‌ره‌کیانه‌ چ جۆره‌ کۆمه‌ڵـگه‌یه‌ک بۆ خۆیان و نه‌وه‌کانیان بنیات بنێن. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت ته‌نها هاوڵاتیانی پاکستانی خۆیان ده‌توانن بڕیار له‌سه‌ر ئاینده‌ی دیموکراسی وڵاته‌که‌یان بده‌ن. خانم کلنتن ده‌ڵێت هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتدا وه‌ک هاو‌به‌شیان کارده‌که‌ین. هاوکاری کردنی ئه‌فغانیـیه‌کان له‌و ‌ده‌مه‌ی داموده‌زگاکانیان بنیات ده‌نێن و ده‌سه‌ڵاتی یاسا پته‌و ده‌که‌ن، هاوکات پشتیوانی پاکستانیـیه‌کانیش ده‌که‌ین له‌و ده‌مه‌ی داکۆکی له‌ دیموکراسی خۆیان ده‌که‌ن وگه‌شه‌ به‌ ئابووریان ده‌ده‌ن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG