سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا باراک ئۆباما ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه له ئۆسـلۆی پایته‌ختی نه‌رویژ خه‌ڵاتی زێڕینی نۆبڵ بۆ ئاشـتی وه‌رگرت و به‌و بۆنه‌یه‌وه وتارێـکی پـێشـکه‌ش کرد.
پاوڵا ۆڵفسن په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له ئۆسلۆوه ڕاپـۆرتی ناردووه و هاوکارمان هێرۆ زه‌نگه‌نه به کوردی ئاماده‌ی کردووه.
سه‌رۆک ئۆباما له ئۆسلۆ به فه‌رمی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2009 ی وه‌رگرت. ئه‌و له پایته‌ختی نه‌رویژ وتارێکی پێشکه‌ش‌کرد.
له سه‌ره‌تای وتاره‌که‌یدا به‌ڕێز ئۆمابا گوتی"من ئه‌م خه‌ڵاته به ڕێز و نه‌وازشێکی زۆره‌وه وه‌رده‌گرم. ده‌ڵێت ئه‌م خه‌ڵاته نیشانه‌ی به‌رپرسیارێتیـیه‌کی گه‌وره‌ی ئێمه‌یه به‌رامبه‌ر جیهانه سه‌خته‌که‌مان، ئێمه ته‌نها دیلی ده‌ستی چاره‌نووس نین هه‌نگاوی ئێمه گرنگه تا مێژوو به‌ره‌و ڕه‌وایی به‌رێت".
له وتاره‌که‌یدا سه‌رۆک ئۆباما گوتیشی ده‌ستکه‌وته‌کانی من زۆر که‌من به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی تری که ئه‌م خه‌ڵاته‌یان وه‌رگرتووه هه‌ر وه‌کو مارتن لوته‌ر گینگ جونیه‌ر و نێڵسن مه‌ندێلا و که‌سانی تریش.
سه‌رۆک ئۆباما به ئاماده‌بووانی گوت شه‌ڕی دژ به تۆڕی تێرۆریستی تاڵیبان و ئه‌لقاعیده ئه‌و شه‌ڕه‌یه که وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا نه‌یده‌ویست، به‌ڵکو وه‌ڵامێک بوو بۆ هێرشه تێرۆرکاریـیه‌کانی 11ی سێپته‌مبه‌ر بۆ سه‌ر وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.
سه‌رۆک ئۆباما گوتیشی "هێشتاش ئێمه له شه‌ڕداین و من به‌رپرسیارم به‌رامبه‌ر به ناردنی هه‌زاران ئه‌مه‌ریکایی نه‌وجه‌وان بۆ شه‌ڕ له دوره وڵات. هه‌ندێکیان ده‌کوژن، هه‌ندێکیان ده‌کوژرێن..... جا من ئاگادارم له ئاکامه‌کانی شه‌ڕ چی‌ده‌بێت، وه ئه‌مه زۆر پرسیاری سه‌خت به‌رامبه‌ر به په‌یوه‌ندی نێوان شه‌ڕ و ئاشتی ده‌گرێته‌به‌ر، وه هه‌وڵی ئێمه بۆ سه‌رخستنی ئاشتیـیه.