Accessibility links

په‌رله‌مانی عێراق داوای سـازکردنی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌کانی به‌غدا ده‌کات


بڕیاره‌ په‌رله‌مانی عێراقی لێـپـێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپـرسـانی باڵای ئاسایشیدا بکات سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ ئایا چۆن هێرشـبه‌رانی خۆکوژ توانیان ئاسایشی تۆکمه‌ی پایته‌خت بـبه‌زێنن و زنجیره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه‌ ئه‌نجام‌بده‌ن، ئه‌وانه‌ی تیایاندا 127 که‌س کوژران.

جواد بۆلانی وه‌زیری ناوخۆ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌که‌ی به‌رپـرسـیارێتی هێزه‌کانی پـۆلیسی له‌ ئه‌سـتۆدایه‌ و هه‌روه‌ها وه‌زیری به‌رگری عێراقی و سه‌رۆکی هه‌ڵـمه‌ته‌ له‌شـکریـیه‌کانی به‌غدای پایته‌خت له‌ نێو ئه‌و که‌سـانه‌دان که‌ پـێشـبینی ده‌کرێن ئه‌مڕۆ ئاماده‌ی به‌رده‌م په‌رله‌مانی عێراقی بـبن بۆ ئه‌وه‌ی لێـکۆڵینه‌وه‌یان له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵدا بکرێت.

ئه‌وه‌ی شـایه‌نی باسه‌ دوێنێ وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی کار و کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها دادگایه‌ک له‌ به‌غدای پایته‌خت کرانه‌ ئامانجی هێرشه‌ خۆکوژیـیه‌کان و به‌رپـرسـانی عێراقی ده‌ڵێن وێڕای کوژرانی 127 که‌س هاوکات پـتر له‌ 400 که‌سیش برینداربوون.

هه‌رچه‌نده‌ هیچ لایه‌ن و گرووپـێـک به‌رپـرسـیارێتی ئه‌نجامدانی هێرشه‌کانی دوێنێی به‌غدای نه‌خسـتۆته‌ ئه‌سـتۆی خۆی، به‌ڵام به‌رپـرسـانی ئاسایشی عێراقی ئه‌ندامانی سه‌ر به‌ تۆڕی ئه‌لقاعیده‌ و هه‌روه‌ها لایه‌نگرانی حزبی به‌عسی قه‌ده‌غه‌کراو به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشـانه‌ی دوێنێی به‌غدا تۆمه‌تبار ده‌که‌ن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG