Accessibility links

جارێـکی دیکه‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ مه‌سه‌له‌ی په‌سه‌ندکردنی یاسای هه‌ڵـبژاردن شـکستی هێنا


ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ په‌رله‌مانی عێراق جارێـکی دیکه‌ شـکستی هێنا له‌ په‌سه‌ندکردنی یاسای هه‌ڵـبژاردنه‌کانی گشتی و بڕیار درا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی داهاتوو دوابخرێت.

هاوکات نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق Ad Melkert هۆشـداری دا به‌وه‌ی دواخستنی زیاتر بۆ په‌سه‌ندکردنی یاساکه‌ له‌وانه‌یه‌ بـبێته‌ مایه‌ی دواخستنی ڕۆژی هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ و هه‌روه‌ها ئه‌و به‌هایه‌ی خۆی نه‌مێنێت.

جێی ئاماژه‌ پـێـکردنه‌ ناکۆکیـیه‌که‌ له‌سه‌ر چۆنێتی هه‌ڵـبژاردنه‌ له‌ پارێزگای که‌رکوک که‌ کورده‌کان ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌مان شێوازی هه‌موو پارێزگاکانی عێراق هه‌ڵـبژاردن له‌وێش ئه‌نجام‌بدرێت، به‌ڵام هه‌ندێـک لایه‌نی عه‌ره‌ب و تورکمانیش ده‌یانه‌وێت به‌ شـێوه‌یه‌ک بکرێت که‌ کورد و عه‌ره‌ب و تورکمان به‌بێ ڕچاوکردنی ڕێژه‌که‌یان له‌و پارێزگایه‌دا وه‌ک یه‌ک نوێنه‌ریان له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا هه‌بێت.

په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ به‌غدا گۆران تۆفیق ڕاپـۆرتی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و تیایدا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا سـاڵح ئه‌ندامی کوردی په‌رله‌مانی عێراق کردووه‌.

عه‌بدوڵڵا سـاڵح ده‌ڵێت ئێمه‌ وه‌کو کورد له‌گه‌ڵ لیسـتی داخراودابووین و ئه‌وان گوتیان با کراوه‌بێت، گوتمان باشه‌ و نه‌مانکرده‌ کێشه‌، پاشـان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابووین عێراق بکرێته‌ یه‌ک بازنه‌، ئه‌وان په‌سه‌ندی ئه‌وه‌شیان نه‌کرد، ئه‌وشمان نه‌کرده‌ کێشه‌ و هه‌ر گوتمان باشه‌، به‌ڵام بۆ جیاکردنه‌وه‌ی شێوازی پـرۆسه‌ی هه‌ڵـبژاردن له‌ که‌رکوک له‌ پارێزگاکانی دیکه‌ی عێراق، ئه‌وه‌ به‌ هیچ شـێوه‌یه‌ک قبوڵ ناکه‌ین. به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا سـاڵح گوتیشی ئێسـتا مه‌سه‌له‌که‌ ڕه‌وانه‌ی به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی سـیاسی بۆ ئاسایشی نیشـتیمانی کراوه‌ تا له‌وێ یه‌کلایی‌بکرێته‌وه‌.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 2:25 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG