Accessibility links

واشنتن پـۆست ده‌ڵێت UN زانیاری جیاجیای له‌سه‌ر هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ی ئه‌فغانستان داوه‌

  • Sean Maroney

کاربه‌ده‌سـتانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان پـشـتڕاسـتیان کردۆته‌وه‌ که‌وا ئه‌و زانیاریـیانه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌نگدانه‌که‌ی هه‌ڵـبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌فغانسـتان به‌ نهێنی هێشـتوویانه‌ته‌وه‌. به‌پـێی ئه‌و زانیاریـیانه‌ له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ ژماره‌ی ده‌نگه‌کان 100 هه‌زار زیاتر بووه‌ له‌ ژماره‌ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی له‌وێ مه‌زه‌نده‌ ده‌کران.
په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا شـان مارۆنی له‌ ئیسلام ئاباده‌وه‌ ڕاپـۆرتی له‌و باریه‌وه‌ ناردووه‌ و هاوکارمان شـوان سه‌عید به‌ کوردی ئاماده‌ی کردووه‌.

ڕۆژنامه‌ی واشـنتن پـۆستی ئه‌مه‌ریکا ڕایگه‌یاند زانیاریـیه‌کان سه‌باره‌ت به‌ ئاسـتی به‌شـداربوون له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌کانی ئه‌فغانسـتاندا له‌ لایه‌ن سه‌رۆکی نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووکان له‌ ئه‌فغانســتان کای ئیدی به‌ نهێنی هێڵراوه‌ته‌وه‌. ئه‌و کاره‌ی که‌ به‌ڵـگه‌ی زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو و سه‌باره‌ت به‌ ڕوودانی گزی و سـاخته‌ له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌کانی 20 ی مانگی هه‌شتی ڕابردوودا.

زانیاریـیه‌کان که‌ ده‌ست ڕۆژنامه‌ی ناوبراو که‌وتوون جیاوازیـیه‌کی زۆر نیشـان ده‌ده‌ن له‌ نێوان ئاسـتی مه‌زه‌نده‌کراوی به‌شـداربوون و ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن کۆمسـیۆنی بێ لایه‌نی هه‌ڵـبژاردنی ئه‌فغانسـتانه‌وه‌ بڵاوکراونه‌ته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ گوته‌بێژی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ کابول دان ماک‌نۆرتن بۆ ڕادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند که‌ هێشـتا زووه‌ بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و زانیاریـیانه‌ بدرێت.

ناوبراو ده‌ڵێت زانیاریـیه‌کان به‌رایی‌ین و پـێویسـته‌ به‌و جۆره‌ش ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بکرێت. جیاوازیـیه‌کان له‌ زانیاری هه‌ڵـبژاردنه‌کاندا به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌رێمه‌ بێ ئۆقره‌کانی باشور و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فغانســتاندا زۆر زه‌قن. له‌و هه‌رێمانه‌ی که‌ سه‌رۆک کارزای ژماره‌یه‌کی زۆری ده‌نگه‌کانی به‌ده‌سـتهێناوه‌.

بۆ نموونه‌ کۆمسـیۆنی بێ لایه‌نی هه‌ڵـبژاردن ده‌ڵێت له‌ هه‌رێمی هێڵمه‌ند نزیکه‌ی 135 هه‌زار به‌شـداریـیان کردووه‌، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ژماره‌ی به‌شـداربوون له‌ نێوان 5 بۆ 38 هه‌زار که‌س ده‌خه‌مڵێنێت.

ده‌رئه‌نجامه‌ ناڕه‌سمیـیه‌کان ئاماژه‌ به‌ پـێشـڕه‌وی به‌ڕێز کارزای ده‌ده‌ن به‌ ڕاده‌ی له‌ سه‌دا 54 و ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕاده‌یه‌ له‌ له‌ سه‌دا 50 که‌متر بێت ئه‌وا دووچاری خولێـکی دیکه‌ی هه‌ڵـبژاردن ده‌بێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ کاندیدێـکی دیکه‌ی سه‌ره‌کی عه‌بدوڵڵا عه‌بدوڵڵا.

بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌رئه‌نجامی کۆتایی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بڵاوبکرێته‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG