Accessibility links

سه‌رۆک ئۆباما وتارێـک له‌ سـاڵیادی هێرشه‌کانی 11 ی سـێپته‌مبه‌ردا پـێشـکه‌ش ده‌کات

  • Kent Klein

له‌ هه‌شـته‌مین سـاڵیادی هێرشه‌کانی 11ی نۆی 2001 ئه‌وه‌ی کرانه‌ سه‌ر وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا سه‌رۆک ئۆباما وتارێـکی پـێشـکه‌ش کرد و تیادا سووربوونی خۆی له‌سه‌ر شه‌ڕی دژه‌ تێرۆریزم دووپات‌کرده‌وه‌. سه‌رۆک هه‌روه‌ها تاجه‌گوڵینه‌ی خسـته‌ سه‌ر یادگارگای ئه‌و که‌سـانه‌ی که‌ هه‌شت سـاڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ ڕۆژێـکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا له‌ هێرشه‌که‌ی سه‌ر په‌نتاگۆن گیانیان له‌ده‌سـتدا.

کێنت کلێن په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ کۆشـکی سـپی ڕاپـۆرتی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و هاوکارمان به‌ڵـێن سـاڵح به‌ کوردی ئاماده‌ی کردووه‌.

سه‌رۆک ئۆباما له‌ ژێر بارانێـکی به‌ لێزمه‌دا له‌ یادگارگاکه‌ی په‌نتاگۆن وه‌سـتا و داوای له‌ هاوڵاتیـیانی ئه‌مه‌ریکی کرد به‌رده‌وامی به‌ یه‌کگرتوویی خۆیان بده‌ن له‌ شه‌ڕی دژی تێرۆریزمدا.

سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت با سـووربوونی خۆمان نوێ بکه‌ینه‌وه‌ دژی ئه‌وانه‌ی ئه‌م کاره‌ به‌ربه‌ره‌یـیه‌یان کردووه‌ و دژی ئه‌وانه‌ش که‌ هێشـتا پـیلان دژی ئه‌مه‌ریکا ده‌گێڕن. بۆ به‌رگریـکردن له‌ وڵاتمان هه‌رگیز دوودڵ نابین له‌ به‌دواداچوونی ئه‌لقاعیده‌ و هاوپه‌یمانه‌ توندڕه‌وه‌کانیشدا هه‌رگیز دوودڵی نانوێنین.

هه‌ر له‌م وتاره‌یدا سه‌رۆک ئۆباما په‌یمانی دا هه‌رچیـیه‌ک له‌ توانادا بێت بکرێت تا ئه‌مه‌ریکا به‌رده‌وام پارێزراوبێت.

سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت له‌ ڕۆژێـکدا که‌ خه‌ڵـکی تر هه‌وڵی له‌قکردنی بڕوای ده‌داین با ئێمه‌ ئامانجی هاوبه‌شـمان نوێ بکه‌ینه‌وه‌ و ئه‌وه‌مان له‌بیربێت چۆن بووینه‌ته‌ یه‌ک وڵات و یه‌ک گه‌ل وه‌ک ئه‌مه‌ریکایی.

سه‌رۆک ئۆباما و ڕۆبه‌رت گه‌یتس وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ که‌سـوکاری قوربانیانی هێرشه‌ تێرۆرکاریـیه‌کانی یازده‌ی سـێپته‌مبه‌ردا کۆبوونه‌وه‌. زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و نزیکه‌ی 3 هه‌زار که‌سه‌ی له‌م هێرشـانه‌دا کوژران له‌ ناو یان له‌ نزیـک باڵه‌خانه‌کانی نێوه‌ندی بازرگانی جیهانی بوون له‌ شـاری نیویۆرک.

XS
SM
MD
LG