Accessibility links

له‌ ئاکامی زنجیره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه‌ له‌ عێراق 61 که‌س ده‌کوژرێن

  • Goran Tawfeeq
  • Amir Goran

زنجیره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه‌ به‌غدای پایته‌خت و پارێزگای موسـڵی گرته‌وه‌ و به‌ لایه‌نی که‌م 61 کوژراو و 271 برینداری لێـکه‌وته‌وه‌.

له‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق و له‌ دوو هێرشی جیاوازدا و به‌ 2 ئۆتۆمبیلی مینڕێژکراو به‌ لایه‌نی که‌م 16 کوژراو و 81 برینداری لێـکه‌وته‌وه‌. ئۆتۆمبیلی یه‌که‌م له‌ سه‌رله‌به‌یانی و هه‌ڵـهاتنی خۆردا له‌ گۆڕه‌پانێـکی خڕبوونه‌وه‌ی کرێـکاراندا له‌ ناوچه‌ی حه‌ی عاملی ڕۆژئاوای به‌غدا ته‌قیـیه‌وه‌ و 7 کوژراو و 46 برینداری لێـکه‌وته‌وه‌ که‌ سه‌رجه‌میان کرێـکاربوون و بۆ په‌یداکردنی ئیش‌وکاری ڕۆژانه‌ ڕوویان کردبووه‌ گۆڕه‌پانی حه‌ی عامل. له‌ هێرشی دووه‌میشـدا به‌ هه‌مان نه‌خشه‌ی کاری تێرۆریستی یه‌که‌م ئامانجه‌که‌ی هاوڵاتیانی کرێـکار بوو به‌ ئۆتۆمبیلێـکی مینڕێژکراو له‌ ناو ئاپـۆڕای کۆمه‌ڵێـک کرێـکاردا له‌ ناوچه‌ی پـۆلیسی چواره‌م که‌ ده‌که‌وێته‌ ڕۆژئاوای به‌غدا، ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی 9 کوژراو و 35 برینداری لێـکه‌وته‌وه‌.

هه‌ر سه‌رله‌به‌یانی دووشه‌ممه‌ له‌ پارێزگای موسڵی باکوری عێراقیش و له‌ گوندی خه‌زنه‌ که‌ دانیشـتوانه‌که‌ی شیعه‌ ئاینزان و کوردی شه‌به‌کن، 2 ئۆتۆمبیلی بارهه‌ڵـگری بۆمبڕێژکراو ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و به‌ لایه‌نی که‌م 45 که‌س کوژراون و نزیکه‌ی 190 که‌سی دیکه‌ش برینداربوون و هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 40 خانووبه‌ره‌ وێرانبوون.

شایانی باسه‌ له‌ دوای کشـانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ شـار و شـارۆچکه‌کانی عێراق و ڕاده‌سـتکردنی ئاسایش بۆ هێزه‌ عێراقیـیه‌کان ڕۆژانه‌ لێره‌ و له‌وێ چه‌ندین کاری تێرۆریستی ئه‌نجام‌ده‌درت، به‌ تایبه‌تی به‌غدای پایته‌خت و پارێزگای موسڵ بووه‌ته‌ ئامانجی سه‌ره‌کی هه‌ڵـمه‌ته‌ خوێناویـیه‌کانی تێرۆریسـتان و ڕۆژانه‌ ژماره‌یه‌ک قوربانی له‌ ئه‌نجامی هێرشـه‌کانیان تۆمارده‌کرێن.

هه‌ردوو په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ به‌غدا و موسڵ ڕاپـۆرتیان سه‌باره‌ت به‌و ته‌قینه‌وانه‌ ناردووه‌، ده‌توانن گوێبیسـتیان بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG