Accessibility links

خه‌ڵـکی هه‌رێمی کوردسـتان ده‌نگ بۆ هه‌ڵـبژاردنی سه‌رۆک و په‌رله‌مانه‌که‌یان ده‌ده‌ن


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ کورده‌کانی عێراق له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی و په‌رله‌مانیدا ده‌نگی خۆیان ده‌ده‌ن.

نزیکه‌ی 2.5 ملیۆن که‌س مافی ده‌نگدانیان له‌ کوردسـتانی عێراقدا هه‌یه‌ له‌و هه‌رێمه‌ی که‌ سێ پارێزگای تێدایه‌ (هه‌ولێر و دهۆک و سـلێمانی).

پاش ئه‌وه‌ی ده‌نگدانه‌که‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ کۆتایی پـێدێت، ده‌نگه‌کان ده‌نێردرێنه‌ به‌غدا بۆ ژماردنیان.

چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت ئه‌نجامه‌کان له‌ ماوه‌ی 2 تا 3 ڕۆژی داهاتوودا ڕابگه‌یه‌نرێت، به‌ڵام سه‌رۆکی کۆمسـیۆنی هه‌ڵـبژاردنه‌کان فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری هۆشـداری ئه‌وه‌ی داوه‌ که‌ بۆی هه‌یه‌ کێشه‌ی ته‌کنیکی ئه‌نجامه‌ ڕه‌سـمیـیه‌کان بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک دوابخات.

جێی باسه‌ له‌ مانگی ڕابردوودا بۆ یه‌که‌م جار هه‌رێمی کوردسـتان ده‌سـتی به‌ فرۆشـتنی نه‌وت کرد به‌ بازاڕه‌کانی جیهان، به‌ڵام وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌ڵێت هه‌ر کۆنتراکتێـکی نێوان کورده‌کان و کۆمپانیا تایبه‌ته‌کان نه‌وت نایاسایی‌یه‌.

کێشه‌ی نه‌ژادی له‌ نێوان کورده‌کان و عه‌ره‌به‌کان به‌ تایبه‌تی له‌ که‌رکوک به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر سه‌قامگیری عێراق داده‌نرێت و ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی سه‌ره‌کیـیه‌ بۆ زۆربه‌ی ده‌نگده‌ران.

چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت له‌م هه‌ڵـبژاردنه‌ی هه‌رێمی کوردسـتاندا سه‌رۆکی ئێسـتای هه‌رێم مه‌سـعود بارزانی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌سـتبهێنێت و هه‌روه‌هاش چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت لیستی دوو پارتی سه‌ره‌کی هه‌رێمی کوردسـتان که‌ پارتی دیموکراتی کوردسـتان و یه‌کێتی نیشـتیمانی کوردسـتانه‌ زۆرینه‌ی 111 کورسـیـیه‌که‌ی په‌رله‌مان به‌ده‌ست‌بهێنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG