سه‌رۆکی ئه‌مریکا باراک ئۆباما وا به‌ره‌و مۆسـکۆ به‌ڕێـکه‌وتووه و ده‌ڵێت ئه‌و ده‌یه‌وێت له میانه‌ی کۆبوونه‌وه لووتکه‌یی‌یه دوو ڕۆژیـیه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ڕابه‌رانی ڕووسـیایی چوارچێوه‌یه‌کی کارکردن بۆ په‌یمانـنامه‌ی نوێی چه‌ک دیاری بکه‌ن.
بڕیاره ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه به‌ڕێز ئۆباما له‌گه‌ڵ دمیتری مێدڤێدێڤی سه‌رۆکی ڕووسـیا له کرێملن کۆبـبێته‌وه.
هه‌ردوو ڕابه‌ر داوای په‌یمانـنامه‌یه‌کی نوێـیان کردووه بۆ ئه‌وه‌ی جێـگه‌ی ڕێـکه‌وتنـنامه‌ی که‌مکردنه‌وه‌ی چه‌کی سـتراتیژی سـاڵی 1991 بگرێته‌وه، ئه‌وه‌ی که له مانگی دوازده‌ی ئه‌مسـاڵدا ماوه‌که‌ی به‌سه‌رده‌چێت.
له وته‌که‌یدا بۆ ته‌له‌فیزیۆنی ڕووسـیایی سه‌رۆک ئۆباما گوتی ئامانجی ئه‌وه‌یه جبه‌خانه‌ی ناوه‌کی به جۆرێـک که‌مبـکاته‌وه هیچ له ئه‌مریکا و ڕووسـیا له ڕه‌وشێـکی باڵاده‌ست‌تر به‌سه‌ر ئه‌وی دیکه‌دا نه‌بن له بواری ناوه‌کیدا.
هه‌روه‌ها سه‌رۆک ئۆباما گوتیشی په‌یمانـنامه نوێـیه‌که ده‌بێت گرژی نێوان هه‌ردوو وڵات که‌مبکاته‌وه و له خه‌رجی گران به‌های پاراسـتن و هیشـتنه‌وه‌ی بڕی گه‌وره‌ی چه‌کی ناوه‌کیش که‌مبکاته‌وه، واته له‌و چه‌که‌ی ئه‌مریکا بۆ مه‌به‌سـتی به‌رگریـکردن و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پـێویسـتی پـێی نیـیه.
هاوکات به‌ڕێز مێدڤێدێڤی سه‌رۆکی ڕووسـیا به ئه‌ندازه‌یه‌کی مامناوه‌ندی له‌مه‌ڕ سه‌ودایه‌کی نوێی چه‌ک له‌و باره‌یه‌وه گه‌شـبینه، به‌ڵام سه‌رۆکی ڕووسـیا دوێنێ گوتی سه‌باره‌ت به پـلانی دابه‌سـتنی سـیسـتمی موشه‌کی به‌رگری له ناوه‌ڕاسـتی ئه‌وروپادا ده‌بێت وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌به‌ردانه‌واندن پـیشـان بدات.