Accessibility links

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌ست به‌ سه‌ردانی چین ده‌کات


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا خانم هێله‌ری کلنتن گه‌یشـته‌ چین، دوا ویزگه‌ی سه‌ردانی بۆ چوار وڵاتی ئاسـیا که‌ تیایاندا جه‌خت کراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر قه‌یرانی ئابووری نێونه‌ته‌وه‌یی و گۆڕانی که‌ش‌وهه‌وا و به‌رنامه‌ی ناوه‌کی کۆریای باکور.

به‌ر له‌ سه‌ردانی بۆ به‌یجین خانم هێله‌ری سه‌ردانی کۆریای باشوری کرد و هاوهه‌ڵوێستیشی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا دووپات کرده‌وه‌ و هانی کۆریای باکوری دا که‌ هیچ کرده‌وه‌یه‌کی ئازراندن نه‌کات.

مانگی ڕابردوو کۆریای باکور ڕایگه‌یاند که‌ سه‌رجه‌م ڕێـکه‌وتنه‌ سـیاسی و له‌شـکریـیه‌کان له‌گه‌ڵ کۆریای باشوردا هه‌ڵـده‌وه‌شـێنێـته‌وه‌.

پـێشـووتر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا هێله‌ری کلنتن له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆریای باشوردا وڵاتی کۆریای باکوریان ئاگادارکردبۆوه‌ له‌ دژی کرده‌وه‌ی ئازراندن و هانی پـیۆنگیانگیان دابوو بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دانوسـتاندنه‌کان. خانم هێله‌ری ڕایگه‌یاند که‌ پـیۆنگیانگ په‌یوه‌ندی دیپـلۆماسی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا نابه‌ستێت له‌ ده‌مێـکدا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ باشور ده‌کات و پـێشـنیازه‌کانی سـازدانی دانوسـتاندن ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌.

ڕۆژی هه‌ینی له‌ کۆنفرانسـێـکی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ سـیۆلی پایته‌خت خانم کلنتن و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆریای باشور ئه‌مانه‌یان ڕاگه‌یاند.

شـایانی باسه‌ سه‌ردانی خانم کلنتن بۆ کۆریای باشور له‌و ده‌مه‌دایه‌ که‌ ئاسـتی گرژی له‌ نیمچه‌ دورگه‌ی کۆریادا به‌رزه‌. ئه‌مریکا و کۆریای باشور هۆشـداریـیان داوه‌ که‌ کۆریای باکور به‌نیازه‌ موشـه‌کێـکی بالستی مه‌ودا دور تاقی بکاته‌وه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ بگاته‌ ئه‌مریکا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG