Accessibility links

هه‌ردوو پارتی ڕکه‌به‌ری ئیسرائیل ده‌ڵێن له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌کاندا سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌سـتهێناوه‌


ئه‌نجامه‌ به‌رایـیه‌کانی هه‌ڵـبژاردنی ئیسرائیل وا نیشـان ده‌ده‌ن پارتی که‌دیمای زیپـی لیڤینی به‌ که‌مێـک له‌ پـێش پارتی لیکودی بنیامین ناتانیاهویه‌وه‌یه‌.

له‌و ڕاپـۆرته‌دا که‌ لویس ڕامێرز په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریکا له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ بۆی ناردووین ده‌ڵێت ئه‌نجامه‌ کۆتایی‌یه‌کان وا بڕیاره‌ یان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ یان سبه‌ی پـێـنجشه‌ممه‌ ڕابگه‌یه‌نرێن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا نیگه‌رانی سه‌ره‌کی ده‌نگده‌ران له‌م هه‌ڵـبژاردنه‌دا مه‌سه‌له‌ی ئاسایش بووه‌، به‌ڵام له‌ ڕاوه‌رگرتنه‌ گشـتیـیه‌کاندا زیاتر ده‌نگ به‌ بنیامین ناتانیاهو سه‌رۆک وه‌زیری پـێشـووی ئیسرائیل درابوو که‌ دانوسـتاندنێـکی که‌متری له‌گه‌ڵ فه‌له‌سـتینیـیه‌کاندا ده‌ویست و داوای ڕووخاندنی میلیشـیا ئیسلامیـیه‌کانی حه‌ماسیشی ده‌کرد له‌ که‌رتی غه‌ززه‌. وه‌لێ ئه‌نجامه‌ به‌رایـیه‌کانی دره‌نگانێـکی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ وێنه‌یه‌کی ته‌واو جودای نیشـاندا.

شـیکه‌ره‌وه‌کان ده‌ڵێن ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌رایـیانه‌ ئاماژه‌ن به‌وه‌ی هێشـتاش ده‌نگده‌رانی ئیسرائیلی گرتنه‌به‌ری ڕێی دانوسـتاندنی ئاشـتی له‌گه‌ڵ فه‌له‌سـتینیـیه‌کاندا به‌ باش ده‌زانن.

زیپی لیڤینی له‌ میانه‌ی هه‌ڵـمه‌ته‌کانی هه‌ڵـبژاردندا وا خۆی نمایش ده‌کرد باشـترین هیوایه‌ بۆ ئاشـتی که‌ ده‌توانێت دانوسـتاندن له‌گه‌ڵ فه‌له‌سـتینیـیه‌کاندا بکات.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ زیپی لیڤینی کاتێـک قسه‌ی بۆ لایه‌نگرانی ده‌کرد داوای له‌ بنیامین ناتانیاهو کرد له‌ حکومه‌تی یه‌کگرتوودا به‌شـداربێت.

زیپی لیڤینی که‌ ئێسـتا پـۆسـتی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیلی هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی وته‌وه‌ که‌ ناتانیاهو بانگێشـته‌که‌ی پـێشـووی ڕه‌تکردۆته‌وه‌ بۆ به‌شـداریکردن له‌ هاوپه‌یمانێتیـیه‌کدا و گوتوویه‌تی با خه‌ڵـک ده‌نگ بده‌ن و ده‌شڵێت ئه‌وه‌تا خه‌ڵـک ده‌نگی خۆی به‌ که‌دیما داوه‌.

کاربه‌ده‌سـتانی فه‌له‌سـتینیش به‌ خۆشحاڵیـیه‌وه‌ پـێشـوازیـیان له‌م ئه‌نجامه‌ به‌رایی‌یانه‌ کردووه‌، به‌ڵام به‌ وریایی‌یه‌وه‌ گه‌شبینن.

هه‌ر که‌ ئه‌نجامه‌ فه‌ره‌میـیه‌کانیش ڕاگه‌یه‌ندران شێمۆن پـێرێس سه‌رۆکی ئیسرائیل داوا له‌ سه‌رۆکی ئه‌و پارته‌ ده‌کات که‌ زۆربه‌ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌دا حکومه‌ت پـێـکبهێنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG