Accessibility links

پارتیـیه‌كی شـیعه‌كانی عێراق ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌كاندا شـكستی هێنابێت


پارتیـیه‌كی سه‌ره‌كی شیعه‌كانی عێراق ئه‌و ڕاپـۆرتانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن ئه‌و له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌كانی ڕۆژی شه‌ممه‌ی پارێزگاكاندا له‌ به‌رامبه‌ر پارته‌ شـیعه‌ ڕكه‌به‌ره‌كانیدا شـكسـتێـكی كه‌وره‌ی هێناوه‌.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق ڕایگه‌یاند كه‌وا ئه‌و به‌ پله‌ی یه‌كه‌م یان دووه‌م دێت له‌ زۆربه‌ی ئه‌و پارێزگایانه‌ی هه‌ڵبژاردنیان بۆ ئه‌نجام‌دراوه‌. هه‌روه‌ها په‌یمانیشی دا به‌وه‌ی هه‌ر ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بێت له‌ سـیاسه‌تی وڵاته‌كه‌یدا.

جێی ئاماژه‌پـێـكردنه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی عێراقی ده‌ڵێن ئه‌نجامه‌ نافه‌رمیـیه‌كانی هه‌ڵـبژاردنه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن زۆرێـك له‌ عێراقیـیه‌كان خۆیان له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵا و پارته‌ ئاینیـیه‌كانی دیكه‌ به‌ دور ڕاگرتووه‌ كه‌ به‌ نانه‌وه‌ی گرژی تایفی لۆمه‌یان ده‌كه‌ن. ڕاپـۆرته‌كان ده‌ڵێن هاوبه‌ندیـیه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیر نوری ئه‌لمالیكی ئه‌وه‌یان به‌ قازانج بۆ كه‌وتوه‌ كه‌ له‌ میانه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵـبژاردنه‌كاندا زیاتر سه‌نگیـیان ده‌خسـته‌ سه‌ر جێبه‌جێـكردنی یاسا وه‌ك له‌وه‌ی باسی بابه‌تی ئاینی بكه‌ن.

هێشـتا جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌رده‌وامه‌ و چاوه‌ڕوان ناكرێت تا چه‌ندین ڕۆژی دیكه‌ ئه‌نجامه‌ فه‌رمیـیه‌كانی ڕابگه‌یه‌نرێت.

شـایانی باسه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ده‌نگدان بۆ هه‌ڵـبژاردنی ئه‌نجومه‌نی 14 له‌ كۆی 18 پارێزگاكه‌ی عێراق سـازكرا، به‌بێ ئه‌وه‌ی توندوتیژیـیه‌كی وه‌ها ڕووبدات كه‌ شــایانی باس‌كردن‌بێت. ده‌شڵێن له‌ 51% ی ئه‌و كه‌سـانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو به‌شـداریـیان تیایدا كردووه‌.

له‌ پـێشـهاته‌یه‌كی دیكه‌دا سه‌رۆكی ئه‌مریكا باراك ئۆباما گوتوویه‌تی ڕه‌نگه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ماوه‌ی یه‌ك سـاڵدا له‌ عێراق بگه‌ڕێنه‌وه‌.

دره‌نگانێـكی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ و له‌ چاوپـێـكه‌وتنێـكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنیNBC ئه‌مریكایی، سه‌رۆك ئۆباما گوتی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق زۆر گرنگ بوو و نیشـانه‌یه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی عێراقیـیه‌كان ده‌توانن زیاتر له‌ ئاسایشی خۆیان بگرنه‌ ده‌سـت.

سه‌باره‌ت به‌ دوا هه‌واڵی هه‌ڵـبژاردنه‌كان و ئه‌نجامه‌كانی په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا گۆران ته‌وفیق ڕاپـۆرتی ناردووه‌، ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 2:17 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG