Accessibility links

بڕیاره‌ سه‌رۆک ئۆباما سه‌باره‌ت به‌ ئابووری له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی کۆماری ناو کۆنگرس کۆبـبێته‌وه‌


به‌ مه‌به‌ستی کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕابه‌رانی حزبی کۆماری ئه‌مریکا له‌ نێو خانه‌ی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پـێران بۆ وتووێـژی له‌سه‌ر پـێشـنیازی 825 ملیار دۆلاری بوژێنه‌ره‌وه‌ی ئابووری بۆ ئه‌و مه‌به‌سـته‌ باراک ئۆبامای سه‌رۆکی ئه‌مریکا سه‌ردانی باڵه‌خانه‌ی کۆنگرس ده‌کات.

ئه‌ندامانی حزبی کۆماری تا دێت گوزارشت له‌ ناڕه‌زایی خۆیان له‌مه‌ڕ پـلانی ئه‌و خه‌رجیـیه‌ زۆره‌ ده‌که‌ن، ئه‌و پـلانه‌ی داوای که‌مکردنه‌وه‌ی بڕی 250 ملیار دۆلار له‌ باج و هه‌روه‌ها خه‌رجکردنی بڕی 550 ملیار دۆلار ده‌کات.

ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ نێو ئه‌مریکادا خه‌رج ده‌کرێت بۆ پـرۆژه‌کانی وه‌ک چاکـکردنه‌وه‌ و نوژه‌نکردنه‌وه‌ی جاده‌ و بان و پـرده‌کان ده‌بێت. هاوکات بۆ بواری زانست و وزه‌ و هه‌روه‌ها پـرۆژه‌کانی دیکه‌ش ته‌رخان ده‌کرێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌ندامانی حزبی کۆماری ئه‌مریکایی ده‌ڵێن له‌ نێو پـێشـنیازی بوژاندنه‌وه‌ی ئابووری ئه‌مریکادا چه‌ندان بابه‌ت له‌خۆده‌گرن که‌ پـێویست نین، له‌ نێویاندا پـلانی دابینکردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروسـتی بۆ خانه‌واده‌کانی که‌م ده‌رامه‌ت.

هاوکات کۆماریـیه‌کان داوای که‌مکردنه‌وه‌ی بڕی زیاتری باجی سه‌رشـانی هاوڵاتیـیان ده‌که‌ن و له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێن ئه‌و کاره‌ بره‌وی ده‌سـتبه‌جێ به‌ ئابووری گرفتاوی ئه‌مریکا ده‌دات. هاوکات کاریگه‌ری باشی له‌سه‌ر به‌شی زۆری به‌شـه‌کانی دیکه‌ی جیهان ده‌بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG