Accessibility links

ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌کیـیه‌که‌ی ئێران کۆده‌بێته‌وه‌


بڕیاره‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ پـێـنج ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی هه‌ندێـک له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بیدا کۆبـبنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وتووێـژ له‌سه‌ر پـرۆگرامی ناوه‌کی ئێران بکه‌ن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ لـێپـرسـراوان ده‌ڵێن کۆبوونه‌وه‌که‌ که‌ بڕیاره‌ له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ نیویۆرک بـبه‌سترێت به‌ مه‌به‌سـتی ده‌ربڕینی نیگه‌رانیـیه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ پـرۆگرامی ناوه‌کی تاران.

هاوکات ئێران ده‌ڵێت ئه‌و به‌نیاز نیـیه‌ چه‌کی ناوه‌کی به‌رهه‌م‌بهێنێت، به‌ڵـکو به‌رنامه‌ ناوه‌کیـیه‌که‌ی ته‌نها بۆ مه‌به‌سـتی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ و بۆ به‌کارهێنانی سـڤیلیـیه‌.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان تا ئێسـتا سێ خولی سـزای به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاندووه‌ و به‌ مه‌به‌سـتی ناچارکردنی تارانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پـرۆگرامی پـیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی ڕاگرێت، به‌ڵام ئێران تا ئه‌م سـاته‌ پابه‌ندی ئه‌و داواکاریـیه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نه‌بووه‌.

له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ سه‌رۆکی هه‌ڵـبژێراوی ئه‌مریکا باراک ئۆباما گوتوویه‌تی ئه‌و سـیاسیه‌تی پـێشـووی ئه‌مریکا ده‌شـکێنێت و ئه‌گه‌ر پـێویست بکات وتووێـژی ڕاسـته‌وخۆ له‌گه‌ڵ تاراندا ده‌کات.

وڵاتانی ڕۆژئاوا گومانی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئێران به‌نیازبێت یۆرانیۆمی پـیتێنراوی خۆی بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌کی ناوه‌کی به‌کاربهێنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG