Accessibility links

ئه‌نجومه‌نی سیناتی ئه‌مریكا له‌ په‌سه‌ندكردنی بڕیاری یارمه‌تیدانی كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبیل شـكست ده‌هێنێت


ئه‌نجومه‌نی سـیناتی ئه‌مریكا كه‌ زۆرینه‌ی دیموكراته‌ و كه‌مینه‌ی كۆماریـیه‌ شـكسـتیان هێنا له‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ك بۆ ڕزگاركردنی كارگه‌كانی ئۆتۆمبیل له‌ كێشه‌ دارایی‌یه‌كانیان به‌ ڕێـكه‌وتنێـك بگه‌ن.

ڕێبه‌ری زۆرینه‌ی سـینات هاری ڕید له‌ دره‌نگانێـكی شه‌وی پـێـنجشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند كه‌وا سـیناتۆره‌كان له‌ دوایـین كاتدا نه‌یانتوانیوه‌ له‌سه‌ر بڕیارێـكی كۆتایی ڕێـبكه‌ون. گوتی جیاوازیـیه‌كی زۆر له‌ نێوان دیموكراته‌كان و كۆماریـیه‌كاندا هه‌یه‌. گوتیشی ئه‌م شـكسـتهێنانه‌ زیانێـكی زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆ وڵاته‌كه‌.

هه‌روه‌ها هاری ڕید گوتی به‌رنووسی بڕیاره‌كه‌ نه‌یتوانی 60 ده‌نگی پـێویست له‌ كۆی 100 ده‌نگی ئه‌نجومه‌نی سـینات به‌ده‌ستبهێنێت تا به‌ره‌و پـێشـه‌وه‌ بڕوات.

له‌ لای خۆیانه‌وه‌ سـیناتۆره‌كانی سه‌ر به‌ حزبی كۆماریش ده‌ڵێن دانوسـتاندنه‌كان شـكستی هێنا چونگه‌ ئه‌و سه‌ندیكایانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی كرێـكاره‌كان ده‌كه‌ن ئاماده‌ نه‌بوون له‌سه‌ر ڕۆژێـك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌كان قایل‌بن.

باب كۆركه‌ری سـیناتۆری كۆماری ویلایه‌تی تێنسی ده‌ڵێت به‌رنووسی بڕیاره‌كه‌ به‌هۆی سێ وشه‌وه‌ نه‌یتوانی ده‌نگی پـێویست به‌ده‌ستبهێنێت.

شـایانی باسه‌ به‌پـێی ئه‌و به‌رنووسه‌ ده‌بێت 14 ملیار دۆلار بۆ قه‌رزدان به‌ هه‌رسێ كۆمپانیای مه‌زنی ئۆتۆمبیلی ئه‌مریكایی جه‌نه‌ڕاڵ مۆتۆرز و فۆرد و كرایسله‌ر ته‌رخان بكرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG