Accessibility links

هه‌واڵه‌کان ده‌ڵێن ئۆباما بیرده‌کاته‌وه‌ له‌وه‌ی پـۆسـتی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ به‌ هێله‌ری کلنتن بدات


ئاژانسـه‌کانی ده‌نگوباسی ئه‌مریکا ده‌ڵێن سـیناتۆر هێله‌ری کلنتن یه‌کێـکه‌ له‌وانه‌ی له‌ لایه‌ن باراک ئۆبامای سه‌رۆکی هه‌ڵـبژێردراوی ئه‌مریکا بۆ پـۆسـتی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بیری لێـده‌کرێته‌وه‌.

ئه‌م هه‌واڵه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو بڵاوبۆوه‌ که‌ ده‌ڵێت ناوی خانم هێله‌ری کلنتن له‌ ناو لیسـتی به‌ڕێز ئۆبامایه‌.

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ش ئه‌م هه‌واڵه‌ زیاتر بڵاوکرایه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند ڕاپـۆرتێـک که‌ له‌سه‌ر زاری که‌سـانی نزیـکی سه‌رۆکی هه‌ڵـبژێردراو که‌ ناوی خۆیان ئاشـکرا نه‌کرد ئه‌وه‌یان پـشـتڕاستکرده‌وه‌.

گوته‌بێژێـکی خانم هێله‌ری ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ به‌ په‌یامنێرانی گوت هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ک په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ڕێز ئۆباماوه‌ هه‌بێت ده‌بێت تیمی گواسـتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ری وتووێـژبکات.

خانم هێله‌ری کلنتن ڕۆژی دووشه‌ممه‌ به‌ په‌یامنێرانی گوت ئه‌و خۆشـحاڵه‌ به‌وه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی سـیناتۆرانی ئه‌مریکایه‌، وه‌لێ گوتیشی ئه‌و ده‌یه‌وێت هاوکارێـکی باشی سه‌رۆکی نوێی وڵاته‌که‌ی‌بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG