Accessibility links

باراک ئۆباما بیر له‌ داخستنی به‌ندیخانه‌ی گوانتانامۆ به‌ی ده‌کاته‌وه‌


سه‌رۆکی هه‌ڵـبژێردراوی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا باراک ئۆباما وا تاوتوێی ڕێـگه‌کانی داخسـتنی به‌ندیخانه‌ی بنکه‌ی ده‌ریایی گوانتانامۆ به‌ی له‌ کوبا ده‌کات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌کانی نزیـک له‌ تیمی گواسـتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باراک ئۆباما ده‌ڵێن سه‌رۆکی داهاتووی ئه‌مریکا وا ئێسـتا تاوتوێی پلانێـکی ئازادکردنی نزیکه‌ی 250 له‌ به‌دیلگیراوان ده‌کات ئه‌وانه‌ی هێشـتا هه‌ر ده‌ستبه‌سه‌رن.

به‌ گوێره‌ی پـلانه‌که‌ هه‌ندێـک له‌ به‌ندکراوان ئازادده‌کرێن، هاوکات پاشـماوه‌ی به‌دیلگیراوه‌کان ڕه‌نگه‌ ڕه‌وانه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دادگاکانی فیدراڵی ئه‌مریکایی دادگایی بکرێن.

هاوکات به‌ گوێره‌ی پـلانه‌که‌ش دادگایه‌کی ئاسایشی نیشـتیمانی پـێـکده‌هێنرێت تاوه‌کو سه‌رپه‌رشـتی زانیاری هه‌سـتیاری سـیخوڕی بکات.

به‌ڕێز ئۆباما به‌ڵـێنی داوه‌ به‌ندیخانه‌ی گوانتانامۆ به‌ی دابخات، به‌ڵام ڕاوێـژکاری سـیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی باراک ئۆباما ده‌ڵێت هێشـتا هیچ بڕیارێـک له‌سه‌ر به‌ندیخانه‌ی ناوبراو نه‌دراوه‌.

ئه‌وه‌ی شـایانی گوتنه‌ پـلانی ڕاگه‌یه‌ندراو ڕووبه‌ڕووی هه‌ندێـک کۆسـپ و ته‌گه‌ره‌ ده‌بێته‌وه‌، له‌وانه‌ یاسـادانه‌رانی کۆنه‌پارێزی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ دژی ئه‌وه‌ن تێرۆریسـتانی به‌ندکراوی به‌ندیخانه‌ی گوانتانامۆ به‌ی بهێنرێنه‌ سه‌ر خاکی ئه‌مریکا.

هاوکات هه‌ندێـک له‌ وڵاتانی تێرۆریسـتانی به‌ندکراو نایانه‌وێت دیله‌کانی گوانتانامۆ به‌ی بگێڕنه‌وه‌ وڵاته‌کانیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG