Accessibility links

هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق 24 گومانباری ئه‌لقاعیده‌ ده‌سـتگیرده‌که‌ن


سوپای وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ عێراق ڕایگه‌یاند له‌ میانه‌ی هه‌ڵـمه‌ته‌کانی ڕۆژی هه‌ینیـیاندا هێزی هاوپه‌یمانان 24 گومانباری ئه‌لقاعیده‌یان له‌و وڵاته‌ ده‌سـتگیرکردووه‌.

له‌ به‌یانـنامه‌یه‌کدا سـوپای ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند هه‌ڵـمه‌ته‌کان له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌وروبه‌ری به‌غدای پایته‌خت و تکریت و موسـڵ ئه‌نجامدراون. هاوکات هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان و عێراق سێ هه‌ڵـمه‌تی هاوشـێوازیان له‌ شـاری که‌رکوک ئه‌نجامداوه‌.

شـایانی باسه‌ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریکا به‌رسڤی کۆتایی خۆیان دایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌رنووسی ڕێـکه‌وتنی ئاسـایشی له‌گه‌ڵ عێراقدا، به‌ڵام هه‌ندێ ڕابه‌رانی عێراق ده‌ڵێن دانوسـتاندنی زیاتر پـێویسـته‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ڕۆبه‌رت وود ڕایگه‌یاند که‌ واشـنتن وه‌ڵامی گۆڕانکاریـیه‌ پـێشـنیازکراوه‌کانی لایه‌نه‌کانی عێراقی داوه‌ته‌وه‌ و هه‌نووکه‌ پـرۆسه‌ی دانوسـتاندن کۆتایی‌پـێهاتووه‌، به‌ڵام ناوبراو باسی له‌ ورده‌کاری وه‌ڵامی ئه‌مریکا نه‌کرد.

له‌ لایه‌کی دیکه‌ گوته‌بێژی حکومه‌تی عێراق عه‌لی ئه‌لده‌باغ گوتی عێراق وه‌ڵامی ئه‌مریکای پـێـگه‌یشـتووه‌ و پـێویسـتی به‌ وتووێـژی زیاتره‌ له‌گه‌ڵ واشـنتندا. هه‌رچه‌نده‌ ناوبراو هیچ ورده‌کاریـیه‌کی نه‌دا، به‌ڵام گوتی که‌ش‌وهه‌وای ڕێـکه‌وتنه‌که‌ باشه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG