Accessibility links

ئۆباما و مه‌ککه‌ین له‌ چه‌ند سـتانێـکی گرنگ درێژه‌ به‌ هه‌ڵـمه‌ته‌کانی هه‌ڵـبژاردن ده‌ده‌ن


بڕیاره‌ ڕۆژی هه‌ینی هه‌ردوو کاندیدی سـه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا باراک ئۆبامای دیموکرات و جۆن مه‌ککه‌ینی کۆماری درێژه‌ به‌ هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵـبژاردن بده‌ن له‌ چه‌ند سـتانێـکی گرنگدا، ئه‌وانه‌ی ڕه‌نگه‌ تای ته‌رازوی هه‌ڵـبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی هه‌فته‌ی داهاتووی ئه‌مریکا دیاری بکه‌ن.

بڕیاره‌ کاندیدی دیموکراته‌کان باراک ئۆباما هه‌ڵـمه‌تێـکی هه‌ڵـبژاردن له‌ سـتانی ئایوا بگرێت و پاشـان به‌ره‌و سـتانی ئیندیانا به‌ڕێ‌بکه‌وێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌کانی پـێشـووی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکادا کۆماریـیه‌کان له‌ سـتانی ئیندیانادا سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنابوو، به‌ڵام ڕاپـرسـیـیه‌ گشـتیـیه‌کانی ئه‌م دوایـیه‌ وای نیشـان ده‌ده‌ن که‌ ئۆباما زۆر نزیکه‌ له‌ مه‌ککه‌ینی کۆماریـیه‌وه‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز مه‌ککه‌ین بۆ ڕۆژێـکی تر له‌ سـتانی ئۆهایۆ درێژه‌ی به‌ هه‌ڵـمه‌ته‌کانی هه‌ڵـبژاردن ده‌دات و بڕیاره‌ له‌و سـتانه‌ به‌ هاوه‌ڵی فه‌رمانڕه‌وای کۆماری کالیفۆرنیا ئارنۆڵد شـواریزینجه‌ر ئه‌و هه‌ڵـمه‌ته‌ بگێڕێت.

شـایانی باسه‌ هه‌تا ئێسـتا هیچ کاندیدێـکی کۆماری به‌بێ سه‌رکه‌وتن له‌ ئۆهایۆدا سه‌رۆکایه‌تی به‌ده‌سـت نه‌هێناوه‌، به‌ڵام ڕاده‌ی ناڤینی ڕاپـرسـیـیه‌کانی ئه‌م دوایـیه‌ له‌ ئۆهایۆدا پـێشـڕه‌ویـکردنی ئۆباما به‌سه‌ر مه‌ککه‌یندا نیشـان ده‌ده‌ن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG