Accessibility links

هیندسـتان و پاکسـتان ڕێـگایه‌کی بازرگانی له‌ که‌شـمیری نێوانیاندا ده‌که‌نه‌وه‌


بۆ یه‌که‌م جار و پـتر له‌ ماوه‌ی شه‌ست سـاڵدا هه‌ردوو وڵاتی هیندسـتان و پاکسـتان ڕێـگه‌یه‌کی بازرگانی نێوانیان له‌ ناوچه‌ی سـنووری نێوان هه‌ردوو که‌شـمیری مشـتومڕ له‌سه‌ر کردۆته‌وه‌.

له‌و ده‌مه‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ کاروانێـکی 13 کامیۆن به‌ باری میوه‌ و هه‌نگوین و هه‌روه‌ها کاڵای دیکه‌وه‌ له‌ دیوی سـنووری هیندسـتانه‌وه‌ په‌ڕینه‌وه‌ نێو به‌شی که‌شـمیری ژێر ده‌سه‌ڵاتی پاکسـتان جه‌ماوه‌ری خڕبۆوه‌ هاواری خۆشـیـیان ده‌کرد. دواتریش 14 کامیۆنی باری کاڵای پاکسـتانی ده‌په‌ڕێته‌وه‌ هه‌رێمی که‌شـمیری به‌شی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هیندسـتان.

هاوکات گه‌شـتی ئاسایی بازرگانی نێوان هه‌ردوو وڵات هه‌فته‌ی یه‌ک جار ده‌بێت و ته‌نها ڕێـگه‌ به‌ باری چوار کامیۆنی هه‌ر لایه‌ک ده‌درێت بـپه‌ڕێته‌وه‌ نێو سـنووری لایه‌که‌ی دیکه‌.

هاوکات فه‌رمانڕه‌وای هه‌رێمی که‌شـمیری ژێر ده‌سه‌ڵاتی هیندسـتان ڕووداوه‌که‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی به‌ ڕۆژێـکی مێژوویی ناودێر کرد و گوتیشی هیوادارین یارمه‌تی له‌ گه‌شه‌ی ئابووری هه‌ردوولادا بدات.

ئه‌وه‌ی شـایانی گوتنه‌ له‌ سـاڵی 1947 وه‌، واته‌ له‌و ده‌مه‌ی هه‌ردوو وڵاتی هیندسـتان و پاکسـتانی دوژمن به‌ یه‌ک له‌سه‌ر هه‌رێمی هیمالایا دوو جه‌نگیان له‌ دژی یه‌کتری کرد له‌و ده‌مه‌وه‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌مین جاره‌ بازرگانی نێوانیان ده‌سـتپـێـبکات و باری کاڵای هیندی بۆ هه‌رێمی که‌شـمیری ده‌سـه‌ڵاتی پاکسـتان بگوێزرێته‌وه‌.

ڕێـکه‌وتنی کردنه‌وه‌ی سـنوور و په‌ڕینه‌وه‌ به‌ مه‌به‌سـتی بازرگانیـکردنی نێوان هیندسـتان و پاکسـتان له‌ مانگی ڕابردوودا ده‌سته‌به‌رکرا.

هاوکات سه‌رۆک وه‌زیری پاکسـتانی به‌رپـرس له‌ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری که‌شـمیر سه‌ردار عاتیق ئه‌حمه‌د خان هیوای خواسـت کردنه‌وه‌ی ڕێـگه‌ی بازرگانی نێوان هیندسـتان و پاکسـتان هۆکارێـکی یاریده‌دربێت له‌ چاره‌سه‌رکردنی شه‌ڕ و ناکۆکی هه‌ردوولادا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG