Accessibility links

له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێـك له‌ ده‌ره‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ یه‌مه‌ن 16 كه‌س ده‌كوژرێن


میلیشـیا ئیسـلامیـیه‌كان به‌رپـرسـیارێـتی ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌ی ماشـێـنێـكی بۆمبڕێژكراو له‌ ده‌ره‌وه‌ی باڵـوێـزخانه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌نیان گرته‌ ئه‌سـتۆی خۆیان. له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌دا به‌ لای كه‌م 16 كه‌س كوژراون.

ئه‌و گروپه‌ی كه‌ به‌ جیهادی ئیسـلامی له‌ یه‌مه‌ن ده‌ناسـرێت و هێرشه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ئه‌نجام دا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی دیكه‌ ده‌كه‌ن.

ڕایان گێلایا وته‌بێژی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ سه‌نعا ده‌ڵێت دوای یه‌كه‌مین ته‌قینه‌وه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ڕوویداوه‌. هاوكات گه‌واهیده‌ران هه‌واڵی بیسـتنی ته‌قه‌ و ده‌ستڕێژیـیان ڕاگه‌یاندووه‌.

ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی حكومه‌تی یه‌مه‌نی ئه‌لسـه‌به‌ ده‌ڵێت دوو ماشـێنی پـڕ ته‌قه‌مه‌نی هه‌وڵیان دابوو به‌ربه‌سـتی ئاسایشی باڵوێزخانه‌كه‌ بـبه‌زێنن، به‌ڵام له‌ لایه‌ن پاسه‌وانانی باڵوێزخانه‌كه‌وه‌ ڕێـگه‌یان پـێـگیرا و ڕێره‌ویان پـێـگۆڕین.

لـێـپـرسـراوان ده‌ڵێن 6 سه‌ربازی یه‌مه‌نی و هه‌روه‌ها 6 ی دیكه‌ له‌ هێرشه‌كه‌دا له‌ هێرشـیبه‌ران له‌ نێوان كوژراوانی ته‌قینه‌وه‌كه‌دان. هاوكات هیچ ئه‌مریكایـی‌یه‌ك زیانی پـێـنه‌گه‌یشـتووه‌.

كۆشـكی سـپـی ئه‌مریكایی هێرشه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی سه‌رزه‌نشـكرد، وه‌ هه‌روه‌ها سه‌ره‌خۆشی پـێشـكه‌ش به‌ خانه‌واده‌ی قوربانیـیانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ كرد.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ ئـیسـلامیـیه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ یه‌مه‌ن له‌م سـاڵانه‌ی دوایدا چه‌ندان هێرشـیان ئه‌نجامداوه‌ و تیایدا ئه‌مریكایـی‌یه‌كانیان كردۆته‌ ئامانج.

هاوكات وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا شـان مه‌كـكۆرمه‌ك ده‌ڵێت هێرشه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ هه‌وڵـێـكی شـكسـتخواردوو بوو بۆ به‌زاندنی هێـڵی ئاسایشی به‌رده‌م باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا و ده‌شڵێت ته‌قینه‌وه‌كه‌ مۆركی تۆڕی ئه‌لقاعیده‌ی پـێوه‌یه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG