Accessibility links

باراك ئۆباما به‌ فه‌رمی به‌ربژاركردنه‌ مێژوویـیه‌كه‌ی په‌سه‌ند ده‌كات


باراك ئۆباما به‌ربژاركردنی له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا په‌سه‌ندكرد به‌ زه‌نگێـكی داوای گۆڕانكاری ده‌كات، وه‌ په‌یمانی دا كۆتایی به‌وه‌ی ئه‌و ناوی لێنا 8 سـاڵ له‌ سـیاسه‌ته‌ شـكسـتخواردووه‌كانی سه‌رۆك جۆرج بوشی كۆماری.

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ و له‌ كۆتایی كۆنگره‌ی نیشـتیمانی دیموكراته‌كاندا له‌ دێنڤه‌ر سـیناتۆری ئیلینۆی له‌ به‌رده‌م نزیكه‌ی 80 هه‌زار كه‌س ده‌ركه‌وت كه‌ دروشـمی پـشـتیوانیـیان بۆ ده‌چڕی. ئۆباما یه‌كه‌م ئه‌مریكایی ئه‌فریكایـیه‌ له‌ مێژووی ئه‌مریكا پـێشـڕه‌وی پارتێـكی سه‌ره‌كی بكات له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی وڵاتدا.

له‌ گۆڕه‌پانێـكی وه‌رزشی قه‌ره‌باڵغدا باراك ئۆباما له‌ وتاره‌كه‌یدا به‌ توندی ڕه‌خنه‌ی له‌ جۆن مه‌ككه‌ینی كۆماری گرت و گوتی ئه‌و زیاتر له‌ سه‌دا 90 ی ده‌نگه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بوشدا داوه‌.

هه‌روه‌ها به‌ڵێنی دا كۆتایی به‌ به‌رپـرسـیارێتی شه‌ڕی عێراق بهێنێت و شه‌ڕی دژی ئه‌لقاعیده‌ وتاڵیبان ته‌واو بكات. ڕه‌خنه‌شی له‌ جۆن مه‌ككه‌ین گرت له‌سه‌ر پـشـتیوانكردنی له‌ شه‌ڕی عێراقله‌ بری ئه‌وه‌ی سه‌نگی بخاته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانی بۆ ده‌ستگیركردنی بن لادن ده‌درێن.

سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ ناوخۆیـیه‌كانیش، په‌یمانی دا باج له‌سه‌ر خێزانه‌ كاركه‌ره‌كان كه‌م بكاته‌وه‌، وه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی باجی ئه‌و كۆمپانیانه‌ ڕابگرێت كه‌ كار به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌به‌ن، وه‌ كۆتایی به‌ پـشتبه‌سـتنی ئه‌مریكا به‌ نه‌وتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بهێنێت.

XS
SM
MD
LG