Accessibility links

دیموكراته‌كان به‌ داوای یه‌كگرتوویی پارته‌كه‌یان ده‌سـت به‌ كۆنگره‌كه‌یان ده‌كه‌ن


ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 45 هه‌مین كۆنگره‌ی نیشـتیمانی پارتی دیموكرات به‌ فه‌رمی له‌ شـاری دێنڤه‌ری ویلایه‌تی كۆلۆرادۆ كه‌وته‌ كاره‌وه‌ و تێـیدا به‌ هه‌زاران نوێنه‌ر له‌و كۆنگره‌یه‌ گه‌یشـتوونه‌ته‌ یه‌ك، ئه‌مه‌ش پاش ململانه‌یه‌كی یه‌كجار دورودرێژ و سه‌ختی وه‌رزی هه‌ڵـبژاردنه‌كانی سه‌ره‌تایی بۆ په‌سه‌ندكردنی پاڵـێوراوه‌تی باراك ئۆباما بۆ سه‌رۆكی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان.

زۆربه‌ی وتاره‌كانی یه‌كه‌م ڕۆژی كۆنگره‌كه‌ په‌سـن و پـێناسه‌كردن و لێهاتوویی باراك ئۆبامای له‌خۆگرتبوو. ئه‌وه‌ی جێـگای سه‌یر بوو ئه‌م جاره‌ پارتی دیموكرات له‌ ده‌سـتپـێـكردنی كۆنگره‌كه‌ هێرشـێـكی ئه‌وتۆی یاخود ڕه‌خنه‌یه‌كی وایان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بوش و پاڵـێوراوی كۆماری سیناتۆر جۆن مه‌ككه‌ین نه‌گرت و ڕه‌وشی ئابوری به‌ تایبه‌تی گرانی نرخه‌كانی نه‌وت و گاز و سـووته‌مه‌نی و شه‌ڕی عێراق له‌ وتاره‌كاندا ڕه‌نگیان نه‌دایه‌وه‌.

هێشـتاش باس له‌ كێشـه‌ی لایه‌نگرانه‌ی سیناتۆر هێله‌ری كلنتن ده‌كرێت و ڕێبه‌رانی پارتی دیموكرات شه‌وی دووشه‌ممه‌یان بۆ یه‌كێتی پارتیـیه‌كه‌ ته‌رخان كرد.

نانسی پـلۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ وتاركه‌ی ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ بۆ ده‌له‌گه‌ته‌كان سه‌باره‌ت به‌ هێله‌ری كلنتن وتی پارتی دیموكرات و وڵاته‌كه‌ به‌ كاندیدكردنی هێله‌ری كلنتن به‌هێزتر بوون.

زووتری ڕۆژی دووشه‌ممه‌ سـیناتۆر كلنتن له‌ وتارێـكی بۆ نوێنه‌رانی ویلایه‌ته‌كه‌ی (نیویۆرك) بۆ كۆنگره‌كه‌ داوای یه‌كێتی پارتیـیه‌كه‌ی كرد و لایه‌نی كۆمه‌ڵی هێله‌ری كلنتن ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ هێله‌ری كلنتن ده‌له‌گه‌ته‌كانی ئازاد ده‌كات وه‌ك هه‌نگاوێـكی نیازچاكی یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ده‌نگ به‌ ئۆباما بده‌ن.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی جێـگای سه‌ره‌نج ڕاكێشـان بوو له‌ وتاره‌كانی یه‌كه‌م ڕۆژی كۆنگره‌كه‌ به‌شـداركردنی سیناتۆر تێـد كه‌نه‌دی بوو كه‌ دووچاری شێرپه‌نجه‌ی مێشـك بووه‌ و پاش فلیمێـكی ڤیدیۆیی بۆ كۆنگره‌كه‌ له‌سه‌ر ژیان و خزمه‌ته‌كانی تێد كه‌نه‌دی خۆی هاته‌ به‌رده‌م نوێنه‌ره‌كان و وتارێـكی له‌باره‌ی ئۆباما پـێشـكه‌ش كرد و وتی ده‌رفه‌تی گواسـتنه‌وه‌ی مه‌شـخه‌ڵه‌كه‌ یاخود دانی مه‌شـخه‌ڵه‌كه‌ به‌ ئۆباما وه‌ك كاندیدێـك بۆ سه‌رۆكی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ هیچ شـێوه‌یه‌ك له‌ ده‌سـت ناده‌م و هیچ شـتێـكیش ڕێـگام لێ‌ناگرێت به‌شـداری بكه‌م و وتی به‌ بوونی باراك ئۆباما به‌ سه‌رۆكی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان گۆڕان ڕوو ئه‌دات و جیاوازی نامێنێت له‌ نێوان نێر و مێ و هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند و كۆمه‌ڵه‌ جیاكاندا. زۆر له‌ به‌شـداربووانی كۆنگره‌كه‌ ژن و پـیاوی هێنایه‌ گریان.

وتاری كۆتایی كه‌ وتارێـكی سه‌ره‌كی بوو له‌ لایه‌ن میشـێل ئۆباماوه‌ پـێشـكه‌ش كرا.

میشـێل به‌ سـۆز و له‌ دڵه‌وه‌ وتاره‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ خۆشه‌ویسـتی بۆ ئۆباما پـێشـكه‌ش كرد و باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ هه‌ردووكیان له‌ بنه‌ماڵه‌ی هه‌ژاریـیه‌وه‌ خۆیان پـێـگه‌یاندووه‌.

میشـێل ئۆباما باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ چۆن له‌ كۆمه‌ڵـگادا خزمه‌تی كردووه‌ و باسی خۆشه‌ویستی بۆ وڵاته‌كه‌ و باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ چۆن ئه‌م وڵاته‌ ده‌رفه‌تی به‌ خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی داوه‌ كه‌ بـتوانن بگه‌نه‌ كۆشـكی سـپـی. میشـێل له‌ وتاره‌كه‌یدا هه‌روه‌هاش په‌سـنی هێله‌ری كلنتنی دا.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ كه‌ له‌م هه‌فتانه‌ی دوایی میشـێل ئۆباما پـێده‌چوو كه‌ ده‌ركه‌وتنی كه‌سـایه‌تی خۆی تا ڕاده‌یه‌ك نه‌رم كردبێت، پاش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن كۆماریـیه‌كانه‌وه‌ كه‌وته‌ ژێر ڕه‌خنه‌ی تونده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ تێبینی‌یه‌كی كه‌ له‌ ده‌می پـێشـبڕكێ سه‌ره‌تایـیه‌كان ده‌ری‌بڕیبوو، وتبووی شـاڵاوی هه‌ڵـبژاردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی وای كردووه‌ كه‌ سه‌ر به‌رزبێت به‌ وڵاته‌كه‌ی بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ژیانی كامڵیدا.

میشـێل ئۆباما به‌ وتاره‌كه‌ی جگه‌ له‌ په‌سن و ناسـاندنی باراك ئۆبامای هاوسه‌ری دیمه‌نێـكی له‌سه‌ر كه‌سـایه‌تی خۆی خسـته‌ به‌رده‌مه‌م وڵاته‌كه‌. ئینجا ده‌هات و نیشـان ده‌دات كه‌ چه‌ند په‌سه‌ند ده‌كرێت.

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌ی باراك ئۆباما به‌ ته‌له‌ڤیدیۆ ڕاسـته‌وخۆ بۆ كۆنگره‌كه‌ ده‌ركه‌وت و پـیشـتیوانی بۆ میشـێل ئۆباما ده‌ربڕی و بووه‌ جێـگای خۆشـحاڵی به‌شـداربووانی كۆنگره‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG