له داوایه‌كی تری به‌هێزدا ڕۆژی یه‌كشه‌ممه پاپا بێنێدكتی شـازده ڕایگه‌یاند كه‌وا پـێویسـته ڕێـگه‌یه‌ك بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تیـیه مرۆیـیه‌كان بۆ ئاواره و لێـقه‌وماوانی گورجسـتان بكرێته‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌بینا كاسـتڵـفرانكۆ ڕاپـۆرتێـكی ناردووه و هاوكارمان وریا كاڵێ به كوردی ئاماده‌ی كردووه.
پاپا بێنێدكت گوتی ئه‌و به‌رده‌وام ئه‌بێت له به دواداچوونیا به سه‌رنج و نیگه‌رانیـیه‌وه له باره‌ی بارودۆخی جۆرجیا به تایبه‌تیش هه‌ست به خه‌می لێقه‌وماوانی ئه‌و توندوتیژیـیه ئه‌كات.
پاپا له شـارۆچكه‌ی كاسـتڵـگاندۆلفۆ له باشوری ڕۆما ئه‌م قسـانه‌ی كرد.
پاپا داوای كرد به خێرایی چه‌ندین ڕێـگه‌ی یارمه‌تی مرۆڤانه بكرێته‌وه له نێوان جۆرجیا و هه‌رێمی جودای ئۆسیتیای باشور و یارمه‌تی خه‌ڵـكی گیرخواردوو له جه‌نگه‌كه‌دا بدرێت.
پاپا وتیشی ئه‌بێت ڕێـگه‌ی مرۆڤانه بكرێته‌وه ته‌نانه‌ت مردۆكانیش ئه‌بێت به ڕێزه‌وه بنێژرێن و برینداره‌كان به ڕاسـتی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و خه‌ڵـكی بگه‌ڕێته‌وه لای كه‌سوكاری.
پاپا ئومێدی خۆی ده‌ربڕی به هه‌وڵی فه‌ره‌نسـا بۆ ئاگربه‌ست له نێوان جۆرجیا و ڕوسـیا به‌وه‌ی بـبێته ئاشـتیـیه‌كی به‌رده‌وام. دووباره داوای له كۆمه‌ڵـگای نێوده‌وڵه‌تیش كرد كه به‌رده‌وام بن بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێـك له ڕێـگه‌ی وتووێـژه‌وه.
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه سه‌رۆكی ڕوسی دمیتری مێدڤێدێڤ وتی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له ڕۆژی دووشه‌ممه‌وه ده‌ست ده‌كات به كشـانه‌وه له جۆرجیا.