سه‌رۆك بوش دووباره داوای له ڕوسـیا كرد كه ده‌بێت ڕێز له‌و به‌ڵێنه‌ی خۆی بگرێت كه دابووی بۆ كشـانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له گورجسـتان.
ڕۆژی هه‌ینی له كۆشـكی سـپـی سه‌رۆك بوش گوتی گورجسـتان وڵاتێـكی دیموكراسی و ئازاده و جارێـكی دیكه داوای خۆی دووباره كرده‌وه كه ده‌بێت ڕێز له سه‌روه‌ری ئه‌و وڵاته بگیرێت. گوتی گه‌لی گورجسـتان ده‌نگی خۆیان بۆ دیموكراسـیه‌تێـكی وه‌ك وڵاتانی ڕۆژئاوا داوه، گوتیشی وڵاتانی ڕۆژئاواش وه‌لایان نانێن.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك بوش گوتی ئاڵۆزكردنی په‌یوه‌ندیـیه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆئاوادا له به‌رژه‌وه‌ندی ڕوسـیادا نیـیه، وه جه‌ختیشی كرده‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و ترسـاندن ڕێـگایه‌كی هه‌ڵه‌یه بۆ ڕێبازی ده‌ره‌وه.
هاوكات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كۆنده‌لیزا ڕایس له تبلیسی پایته‌ختی گورجسـتانه بۆ دانوسـتاندن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی میخائیل سـاكه‌شـڤیلی له‌سه‌ر ڕاوه‌سـتاندنی شـه‌ڕ له نێوان گورجسـتان و ڕوسـیا.