Accessibility links

ڕوسـیا خۆی بۆ كشـانه‌وه‌ له‌ گورجسـتان ئاماده‌ ده‌كات


ئه‌فسه‌رێـكی پایه‌ به‌رزی له‌شـكری ئه‌مریكا ده‌ڵێت پـێده‌چێت هێزه‌كانی ڕوسـیا له‌ خۆئاماده‌كردندا بن بۆ كشـانه‌وه‌ له‌ گورجسـتان، به‌ڵام وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ڕۆبه‌رت گه‌یتس ده‌ڵێت ده‌بێت ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌رده‌وام بن ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ڕوسـیا به‌ره‌و ڕووی ئاكامی جدی درێژخایه‌ن ده‌بنه‌وه‌ له‌ ڕووی په‌یوه‌ندیـیان به‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا.
په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ په‌نتاگۆن ئاڵ په‌سـن ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و هاوكارمان موعته‌به‌ر شـیروانی به‌ كوردی ئاماده‌ی كردووه‌.

سه‌ركرده‌ی ژماره‌ دووی له‌شـكری ئه‌مریكا ژه‌نه‌ڕاڵ جه‌یمس كارتڕایت ده‌ڵێت ڕوسـیا چالاكی هه‌وایی به‌سه‌ر گورجســتان ڕاگرتووه‌ و به‌ گشـتی خۆبه‌سـته‌ی به‌ڵێنه‌كانه‌ بۆ كۆتایی‌هێنان به‌ شه‌ڕه‌كان.

ئه‌و ده‌ڵێت له‌ ئاسـتی تاكتیكی سه‌خته‌ زانیاری له‌سه‌ر ته‌واو و یه‌كه‌یه‌كه‌ی تێـكهه‌ڵـچوونه‌كان له‌ هه‌ر شـارێـك بزانرێت، به‌ڵام به‌ گشـتی هێزه‌كان ده‌سـتیان كردووه‌ به‌ ده‌رچوون له‌ شـار به‌ تایبه‌تی له‌ گۆری. ئه‌وان هه‌روه‌ها ده‌سـتیان پـێـكردووه‌ جێـگای خۆیان بگرنه‌وه‌ و ده‌ست پـێبكه‌ن به‌ره‌و سـنوور بكێشـنه‌وه‌.

ژه‌نه‌ڕاڵ كارتڕایت گوتیشی ده‌سـته‌یه‌كی 12 ئه‌ندامه‌ی له‌شـكری ئه‌مریكا خه‌ریكی نرخاندنی باره‌كه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار بدرێت ئایا ڕێـگا و بان و فڕۆكه‌خانه‌كان و هه‌روه‌ها به‌نده‌ره‌كان سه‌لامه‌تن بۆ تێـپه‌ڕكردنی كه‌لوپه‌ل، هه‌رچه‌نده‌ دوو فڕۆكه‌ی پـڕ له‌ باری ئه‌مریكا له‌ پـێشـترێوه‌ له‌ تبلیسی پایته‌خت دابه‌زێنراون.

به‌ڵام وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ڕۆبه‌رت گه‌یتس ده‌ڵێت نابینێت هێزه‌كانی ئه‌مریكا تێـكه‌ڵاوی شه‌ڕ بن. گوتی ئه‌مریكا بۆ ماوه‌ی 45 ســاڵه‌ سه‌خت كاری كردووه‌ خۆی له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سـۆڤێت و ڕوسـیا بـپارێزێت و هیچ هۆیه‌ك نابینێت ئێسـتا ئه‌و ڕێبازه‌ بگۆڕێت.

هه‌رچه‌نده‌ گه‌یتس گوتیشی كرداره‌كانی ڕوسیا له‌ گورجسـتان له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ی ڕابردوو ته‌واوی دانوسـتاندنی سـتراتیژی نێوان ئه‌مریكا و ڕوسـیا خسـتۆته‌ ژێر پـرسـیار، وه‌ گوتی ئه‌گه‌ر ڕوسـیا پاشه‌كشه‌ نه‌كات هه‌ر وه‌ك به‌ڵێـنی دابوو ده‌رئه‌نجامی جدی له‌ په‌یوه‌ندیـیه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا ده‌بینێت، وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پاشه‌كشـه‌ش بكات هه‌ندێ كاریگه‌ری ده‌بێت.

گوتی پـێویسـته‌ هه‌ندێ ده‌رئه‌نجام بۆ كرده‌وه‌كانی ڕوسـیا له‌ دژی وڵاتێـكی سه‌ربه‌خۆ وه‌به‌رچاو بگیرێت.

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا گوتی وڵاته‌گه‌ی به‌رنامه‌ی دوو جار مانۆڕی له‌شـكری كه‌ بڕیار وابوو له‌گه‌ڵ ڕوسـیا له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوو كردرابان هه‌ڵوه‌شـاندۆته‌وه‌ و چاو به‌ ته‌واوی په‌یوه‌ندیـیه‌كانی دوو قۆڵی له‌شـكریدا ده‌خشێنێته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG