Accessibility links

سه‌رۆكی ڕوسیا فه‌رمانی به‌ كۆتایی هێنانی ئۆپه‌راسـیۆنی له‌شـكری له‌ دژی گورجسـتان داوه‌


سه‌رۆكی ڕوسـیا دمیتری مێدڤێدێڤ فه‌رمانی دا ئه‌و كرده‌وه‌ له‌شـكریه‌ی له‌ دژی گورجسـتان ئه‌نجام ده‌درێت كۆتایی پـێبێت.

كاربه‌ده‌سـتانی له‌شـكری ڕوسـیا ده‌ڵێن ئه‌وان هێزه‌كانیان و سه‌ربازانی ئاشـتی پارێز له‌ شـوێنه‌كانی ئێسـتایاندا ناجوڵێنن.

هه‌ر به‌ر له‌وه‌ی سه‌رۆكی ڕوسـیا ئه‌م فه‌رمانه‌ بدات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی سێرگی لاڤرۆڤ گوتی تاكه‌ ڕێـگه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌و شـه‌ڕه‌ ئه‌وه‌یه‌ گورجسـتان له‌ ئۆسیتیا باشور بكشێته‌وه‌.

ئه‌م ڕاگه‌یاندنانه‌ پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگیـیه‌كانی ڕوسـیا بۆردومانی شـارۆچكه‌ی گۆری گورجسـتانیان كرد.

ڕۆژنامه‌وانان له‌ شـارۆچكه‌كه‌وه‌ ڕاپـۆرتیان داوه‌ و تیایدا ده‌ڵێن بۆردومانه‌كه‌ چه‌ندین زیانی گه‌یاندووه‌. شــایانی باسه‌ گۆری 75 كیلۆمه‌تر له‌ ڕۆژئاوای تبلیسی پایته‌ختی گورجسـتانه‌وه‌ دوره‌ و شـوێنی له‌دایكبوونی ڕێبه‌ری پـێشـووی سـۆڤێت جۆزیف ســتالینه‌.

هه‌روه‌ها ڕۆژی سێشه‌ممه‌ هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی جوداخوازی ناوچه‌ی ئه‌بخازیا ده‌سـتیان به‌ هێرشـێـك كرد بۆ وه‌ده‌رنانی هێزه‌كانی گورجسـتان له‌ ناوچه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ری كۆدۆری گۆرج.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ سه‌رۆكی گورجسـتان میخائیل سـاكه‌شڤیلی گوتی هه‌رگیز وڵاته‌كه‌ی خۆی نادات به‌ ده‌سـته‌ه‌وه‌ و دیموكراتیـیه‌تی وڵاته‌كه‌ی زۆر له‌ بۆمبه‌كانی ڕوسـیا به‌هێزتره‌.

سـاكه‌شـڤیلی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ به‌ كه‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی CNNگوت ئه‌مانجی ڕوسـیا ڕوون و ئاشـكرایه‌ ئه‌ویش ڕوخاندنی حكومه‌ته‌كه‌یه‌تی. به‌ڵام ڕۆژی سێشه‌ممه‌ سێرگی لاڤرۆڤ گوتی ڕوسـیا هیچ پـلانێـكی له‌و جۆره‌ی نیـیه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG