خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا لۆرا بوش ڕۆژێـكی له ئۆردوگای په‌نابه‌ری خه‌ڵـكی بورما به درێژایی سـنووری تایلاند و بورما به‌سه‌ر برد.
ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه نێوجه‌وانانی ئۆردوگای مه‌ی لی نزیـك شـارۆچكه‌ی مایسـۆتس له ڕۆژئاوای تایلاند سه‌مای نه‌ریتی بورمیـیان بۆ خانم لۆرا بوش و به‌رباره‌ی كچی كرد.
په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا پاوڵا ۆڵفسـن یاوه‌ری ئه‌م سه‌ردانه‌ی كرد و ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه ناردووه و هاوكارمان ناسـكه زاده به كوردی ئاماده‌ی كردووه.
خانمی یه‌كه‌می وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕۆژێـكی له‌گه‌ڵ په‌نابه‌رانی بورمی به‌سه‌ر برد كه له سـنووره‌كانی تایلاند- بورما ده‌ژین.
ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه هه‌رزه‌كارانی په‌نابه‌ری به سه‌مایه‌كی نه‌ریتی بورمی پـێشـوازیـیان له لۆرا بوش و به‌رباره‌ی كچی كرد له كه‌مپـی مه‌ی لی له ڕۆژئاوای ناوچه‌ی ته‌كی تایلاند.
خانم بوش سه‌ردانی كلاسێـكی ئینگلیزی كرد له یه‌كێـك له 26 قوتابخانه‌ی كه‌مپه‌كه. هه‌روه‌ها گه‌ڕانێـكی كرد له بنكه‌ی ته‌ندروسـتی مه‌یتا و هه‌ندێ كاتی له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌نابه‌رانه به‌سه‌ر برد كه ده‌رسی نیشـته‌جێـكردنه‌وه‌یان وه‌رده‌گرت بۆ ئاماده‌كردنیان بۆ ژیان له وڵاتانی تر.
نزیكه‌ی 38 هه‌زار بورمی له كه‌مپه‌كه‌دا ده‌ژین زۆربه‌یان نه‌ژادی كارین ئه‌وانه‌ی به‌هۆی توندوتیژی وڵاته‌كه‌یان جێـهێشـتووه.
خانم بوش: " ده‌زانن ئه‌مه كاره‌سـاته، ئه‌وانه كه‌سـانێـكن به لایان زۆر باشـتره كه له ماڵه‌كانی خۆیان بژین، ئه‌وانه وڵاتی خۆیان خۆش ده‌وێت و ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان بن و له وڵاته‌كه‌ی خۆیان بژین."
هه‌ندێـكیان بۆ نزیكه‌ی 20 سـاڵ ده‌بێت لێره ده‌ژین زۆربه‌یان چاوه‌ڕوانن یان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ بورما یاخود له وڵاتی تر نیشـته‌جێ بكرێنه‌وه له ناویاندا وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. به‌ڵام خان بوش ده‌ڵێت زۆربه‌یان پـێـیان باشـتره بگه‌ڕێنه‌وه خاكی خۆیان.