Accessibility links

ئیسـرائیل ناسـنامه‌ی دوو سه‌ربازه‌ مردۆكه‌ی خۆی پـشـتڕاست ده‌كاته‌وه‌


كاربه‌ده‌سـتانی ئیسـرائیل ناسـنامه‌ی ئه‌و دوو سه‌ربازه‌یان پـشـتڕاست كرده‌وه‌ كه‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ پاشـماوه‌ی ته‌رمه‌كانیان له‌ گروپی چه‌كداری حزبوڵـڵای لوبنان وه‌رگرته‌وه‌.

هه‌ردوو سه‌رباز ئێهود گۆڵدواسه‌ر و ئێـلداد ڕه‌گێڤ له‌ سـاڵی 2006 له‌ هێرشـێـكی سه‌ر سـنووری حزبوڵڵادا ده‌سـتگیركران كه‌ بووه‌ مایه‌ی هه‌ڵـگیرسـانی شه‌ڕێـك به‌ درێژایی یه‌ك مانگ. كاربه‌ده‌سـتێـكی ئاسایشی حزبوڵڵا به‌ ناوی وه‌فیق سه‌فا بۆ یه‌كه‌م جار ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ئاشـكرای كرد كه‌وا ئه‌و دوو سه‌ربازه‌ گیانیان له‌ده‌سـتداوه‌.

كه‌سوكار و هاوڕێی دوو سه‌ربازه‌كه‌ كه‌ له‌ ماڵی هه‌ردووكیان كۆبووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بیسـتنی هه‌واڵه‌كه‌ خه‌م دایگرتن.

هاوكات لوبنان فه‌رشـی سووری ئاماده‌كردووه‌ بۆ پـێشـوازیكردن له‌ 5 زیندانی كه‌ ئیسرائیل ده‌یداته‌وه‌ ده‌سـتیان. یه‌ك له‌وانه‌ سه‌میر قه‌نتاره‌ ئه‌وه‌ی یه‌كێـك بوو له‌وانه‌ی له‌ هێرشـێـكی سه‌رسـنووری له‌ سـاڵی 1979 دا 3 ئیسـرائیلیـیان كوشت كه‌ دووانیان منداڵ بوون.

هه‌روه‌ها به‌پـێی ڕێـكه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێت ئیسـرائیل ته‌رمی 200 شه‌ڕكه‌ری لوبنانی و فه‌له‌سـتینیش ته‌سلیم بكاته‌وه‌. خاچی سـوور ده‌ڵێت ته‌رمی 8 شه‌ڕكه‌ری حزبوڵڵای ته‌سلیم كردووه‌.

XS
SM
MD
LG