Accessibility links

ئاماده‌یی ئێران بۆ دانوسـتاندن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی


ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران مه‌نوچه‌هر موتـته‌كی له‌ میانه‌ی سه‌ردانی بۆ ئۆگه‌ندا به‌ په‌یامنێرانی گوت وڵاته‌كه‌ی ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ئه‌ڵمانیای ئاگادار كردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی ئاماده‌یه‌ بۆ دانوسـتاندن و له‌ كاتێـكی گونجاودا وه‌ڵامی پـێشـنیازه‌كانی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی ده‌داته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ڕێی خافێر سۆلانای به‌رپـرسی سـیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌فته‌ی ڕابردوو خرایه‌ به‌رده‌سـتی كاربه‌ده‌سـتانی ئێرانی.

هاوكارمان به‌ڵێن سـاڵح به‌رنامه‌ی پانۆرامای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی ته‌رخان كردووه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ و سه‌ره‌تا ده‌ڵێت:
ئێران ڕاده‌گه‌یه‌نێت ئاماده‌یه‌ بۆ دانوسـتاندنكردن له‌گه‌ڵ شه‌ش زل‌هێزه‌ سه‌ره‌كیـیه‌كه‌ی جیهاندا (ڕوسیا، چین، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا، وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا) له‌سه‌ر ئه‌و پـێشـنیازه‌ نوێـیانه‌ی بریتین له‌ كۆمه‌كی ئابوری و بازرگانی بۆ ئێران له‌ به‌رامبه‌ر ڕاگرتنی پـیتاندنی یۆرانیۆم كه‌ به‌كێـك له‌ هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌كیـیه‌كانی دروسـتكردنی چه‌كی ناوه‌كی داده‌نرێت. به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌ئی ڕێبه‌ری ڕوحانی ئێران كه‌ به‌پـێی سـیسـتمی ویلایه‌تی فه‌قیهـ له‌ كۆماری ئیسلامی ئێراندا خاوه‌نی یه‌كه‌م و دوایه‌مین بڕیاره‌ گوتوویه‌تی وڵاته‌كه‌ی ده‌سـتبه‌رداری هه‌وڵه‌كانی نابێت بۆ به‌ده‌سـتهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای ناوه‌كی و ئه‌و قسه‌ و باسانه‌شی ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن ئێران له‌ هه‌وڵی دروسـتكردنی چه‌كی ناوه‌كیدایه‌. جه‌ختیشی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ ئێران هه‌ر ده‌گاته‌ ئه‌و ئامانجه‌ی هه‌یه‌تی له‌ بواری ناوه‌كیدا. ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی ئایه‌توڵڵا خامه‌نه‌ئی هاوكات بوو له‌گه‌ڵ داوایه‌كی محه‌مه‌د ئه‌لبه‌رداعی سه‌رۆكی ده‌زگای نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی تا كۆماری ئیسلامی ئێران زانیاری زیاتر بدات به‌م ده‌زگا چاودێریــیه‌ی UN له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی. وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌ ڕۆژئاوایـیه‌كانیشی له‌و بڕوایه‌دان تاران خه‌ریكی دروسـتكردنی چه‌كی ناوه‌كیـیه‌. كۆمه‌ڵـگای نێونه‌ته‌وه‌یی له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا سـزاكانی سه‌پاندبوویه‌ سه‌ر ئێران توندتر كردووه‌ و له‌ به‌رنامه‌شیدایه‌ ئه‌گه‌ربێت و ئێران به‌رده‌وامبێت له‌ پـیتاندنی یۆرانیۆم و ملكه‌چی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان نه‌بێت ئه‌وا سـزای زیاتر ده‌سه‌پێنرێته‌ سه‌ر تاران.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی به‌رنامه‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 14:34 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG