Accessibility links

مالیكی ده‌ڵێت وتووێژه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و عێراق به‌ بنبه‌ست گه‌یشتووه‌


سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری ئه‌لمالیكی ڕایگه‌یاند دانوسـتاندنه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ ڕێـكه‌وتنی درێژخایه‌نی ئاسایشی بێ ده‌رئه‌نجام بوو.

ڕۆژی هه‌ینی له‌ میانه‌ی سه‌ردانیدا بۆ وڵاتی ئوردن به‌ڕێز ئه‌لمالیكی بۆ په‌یامنێرانی ڕاگه‌یاند كه‌ وتووێـژی هه‌ردوولایان به‌ربه‌ست بووه‌ له‌به‌ر مه‌رجه‌ ناپه‌سه‌نده‌كانی ئه‌مریكا كه‌ وه‌كو خۆی ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ سه‌روه‌ری عێراقدا ناگونجێن. به‌ڵام كاربه‌ده‌سـتانی یاوه‌ری به‌ڕێز ئه‌لمالیكی ده‌ڵێن دانوسـتاندنه‌كان هه‌ر به‌رده‌وام‌ده‌بێت بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر به‌ربه‌سـته‌كاندا.

شـایانی ئاماژه‌ پـێدانه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا و عێراق سه‌رقاڵی دانوسـتاندنی ڕێـكه‌وتنێـك بوون بۆ ڕێـگه‌دان به‌ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق دوای ڕێكه‌وتی 31 ی مانگی دوانزه‌ی داهاتوو كه‌ مۆڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ له‌ عێراقدا به‌سه‌رده‌چێت. هه‌روه‌ها هه‌ردوولایان خه‌ریكی ڕێـكه‌وتنێـكی دیكه‌ن سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌ ئابوری و سـیاسیـیه‌كانی نێوانیان.

هاوكات مه‌لای شیعه‌ی توندڕه‌و موقته‌دا ئه‌لسه‌در ڕایگه‌یاند كه‌ میلیشـیای سـوپای ئه‌لمه‌هدی هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بن له‌ به‌رهه‌ڵـسـتیكردنی هێزی هاوپه‌یمانان به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریكا، به‌ڵام گوتی شه‌ڕه‌كان سـنووردار ده‌كرێن بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ی كه‌ خۆی هه‌ڵیان ده‌بژێرێت.

XS
SM
MD
LG