Accessibility links

سه‌رۆكی ڕوسیا گه‌شبینیـیه‌كی مامناوه‌ندی بۆ په‌یوه‌ندیـیه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌ی و ئه‌مریكا هه‌یه‌


دیمتری مێدڤێدێڤی سه‌رۆكی ڕوسیا ده‌ڵێت ئه‌و به‌ گه‌شبینیـیه‌كی مامناوه‌ندی ده‌ڕوانێته‌ په‌یوه‌ندیـیه‌كانی نێوان ڕوسیا و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ده‌شڵێت من ده‌ڕوانم، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ئه‌نجامدانی وتووێـژی دۆسـتانه‌ی بنیادنه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیـیه‌كی داهاتووی ئه‌مریكادا.

به‌ڕێز مێدڤێدێڤ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ كۆڕێـكی میدیای ڕوسی له‌ مۆسـكۆ ئه‌م وتانه‌ی ڕاگه‌یاند. له‌ درێژه‌ی وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی ڕوسیا گوتی ڕوسیا و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌پـێناو درێژه‌دان به‌ ئارامی و سه‌قامگیری جیهان ده‌بێت هاوكاری یه‌كتری بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی ئاسایشی وه‌ك هه‌وڵی ئه‌مریكا بۆ دابه‌سـتنی سیسـتمی موشه‌كی به‌رگری له‌ ئه‌وروپادا ڕاوبۆچوونی جیاوازیشـیان هه‌بێت.

هاوكات دیمتری مێدڤێدێڤی سه‌رۆكی ڕوسیا بانگه‌شه‌ی خۆی سه‌رله‌نوێ كرده‌وه‌ بۆ ڕێـكه‌وتنـنامه‌یه‌كی گشتی نوێی ئاسایشی ئه‌وروپایی بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی په‌یمانـنامه‌كانی میانه‌ی جه‌نگی سـارد بگرێته‌وه‌ كه‌ ئێسـتا كاری پـێده‌كرێت. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند ئه‌و له‌و بڕوایه‌دا نیـیه‌ كه‌ نه‌ هاوپه‌یمانی ناتۆ یان ڕێـكخراوی ئاسایشی و هاوكاری له‌ ئه‌وروپادا هه‌ر خۆیان بتوانن پـێداویسـتیـیه‌كانی ئاسایشی دوای جه‌نگی سارد له‌و كیشـوه‌ره‌دا دابین بكه‌ن.

XS
SM
MD
LG