Accessibility links

نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت ئێمه‌ وه‌ك كورد ئاماده‌ین له‌ كه‌ركوك به‌شـداری له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بكه‌ین


به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردسـتانی عێراق ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ شـاندێـكی یاوه‌ری به‌ سه‌ردانێـكی ڕه‌سمی گه‌یشـتنه‌ شـاری دوبه‌ی پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو. مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌ وه‌ك پـێشـتریش به‌ فه‌رمی ڕاگه‌یه‌ندرابوو بۆ ڕێـكه‌وتن و مۆركردنی چه‌ندین گرێبه‌سـتی وه‌به‌رهه‌مهێنان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و لایه‌نانی بازرگانی ئه‌و وڵاته‌.

نێچیرڤان بارزانی له‌ دوبه‌ی به‌ ئاژانسی ڕۆیته‌رزی گوت ئێمه‌ وه‌ك كورد له‌ كه‌ركوك ئاماده‌ین به‌شـداری له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بكه‌ین. هه‌روه‌ها ڕۆیته‌رز له‌ درێژه‌ی هه‌واڵی وتووێـژه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردسـتان ده‌ڵێت بارزانی گوتی حكومه‌تی هه‌رێمی كودرسـتانی عێراق هه‌وڵ ده‌دات بۆ گه‌یشـتن به‌ چاره‌سه‌رێـك سه‌بارت به‌ بارودۆخی كه‌ركوك و ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت ئه‌م ئامانجه‌ ته‌نها له‌ ڕێی ڕیفراندۆمه‌كانی پـێشـنیازكراو بێته‌ دی.

هه‌روه‌ها بارزانی به‌ ڕۆیته‌رزی ڕاگه‌یاند مكوڕی ده‌كه‌ین بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر و داوامان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌ كه‌ به‌شـداری و هاوكاری بكه‌ن له‌ ڕووی ته‌كنیـكیـیه‌وه‌ له‌به‌ر ئاڵۆزی بارودۆخه‌كه‌.

جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ ماوه‌ی دیاریكراو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ناوچه‌ مشـتومڕ له‌سه‌ره‌كان به‌پـێی مادده‌ی 140 ی ده‌سـتوری عێراق له‌ كۆتایی سـاڵی 2007 كۆتایی پـێهات، به‌ڵام ماوه‌كه‌ بۆ شه‌ش مانگ درێژ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ 30 مانگی شه‌شی 2008 دا كۆتایی پـێدێت.

XS
SM
MD
LG