Accessibility links

ژماره‌ی زیانه‌ گیانیـیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بۆ كه‌مترین ئاست دابه‌زیوه‌


ژماره‌ی مردووانی له‌شـكری ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ مانگی پـێـنجدا كه‌مترین بووه‌ له‌وه‌تای شه‌ڕ له‌وێ ده‌سـتیپـێـكردووه‌، هاوكاتیش ژماره‌ی قوربانیـیانی له‌شـكر و هاوڵاتی سڤیلی عێراقیش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو هاتۆته‌ خوارێ.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌شـكری ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند كه‌وا 19 سه‌ربازی ئه‌مریكایی له‌ مانگی ڕابردوودا كوژراون، ئه‌مه‌ش كه‌مترین ژماره‌یه‌ له‌وه‌تای ئه‌مریكا له‌ سـاڵی 2003 وه‌ عێراقی داگیركردووه‌.

شـایانی باسه‌ له‌وه‌تای شه‌ڕی عێراق ده‌سـتیپـێـكردووه‌ نزیكه‌ی 4100 سه‌ربازی ئه‌مریكایی كوژراون.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروسـتی و به‌رگری عێراق ده‌ڵێن ژماره‌ی كوژراوانی هاوڵاتی سڤیل و ئه‌ندامانی هێزه‌كانی ئاسایش له‌ مانگی پـێنج نزیكه‌ی 550 كه‌س بووه‌، ئه‌مه‌ش كه‌متره‌ له‌ زیانه‌كانی مانگی چوار كه‌ زیاتر له‌ 1000 كه‌س بووبوون.

له‌ هه‌واڵێـكی تردا، هه‌ر ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ئوسـترالیا 500 سه‌ربازی خۆی له‌ بنكه‌كانیان له‌ باشوری عێراق كشـانه‌وه‌. به‌وه‌ش سه‌رۆك وه‌زیری ئوسـترالیا كیڤن ڕه‌د به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆی به‌ كشـانه‌وه‌ی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی له‌ عێراق له‌ ماوه‌ی ئه‌مسـاڵدا به‌جێ گه‌یاند.

ئوسـترالیا كه‌ هاوپه‌یمانێـكی نزیـكی ئه‌مریكایه‌ یه‌كێـك بوو له‌و وڵاتانه‌ی‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هێزیان بۆ شه‌ڕی عێراق نارد. ئێسـتا هێزه‌كانی ئه‌مریكا شوێنیان پـڕ ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ر ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ پـۆلیسی عێراق ڕایگه‌یاند ئۆتۆمبیلێـك له‌ ناوه‌ڕاستی به‌غدا له‌ نزیـك باڵوێزخانه‌ی ئێران ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا به‌لای كه‌م 2 كه‌س كوژراون و 5 ی تریش برینداربوون كه‌ سـیانیان پاسه‌وانی باڵوێزخانه‌كه‌ بوون.

شـایانی باسه‌ باڵوێزخانه‌ی ئێران له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وزه‌.

XS
SM
MD
LG