Accessibility links

ناوبژیوانانی عه‌ره‌ب دوا واده‌ بۆ وتووێـژه‌كانی تایبه‌ت به‌ قه‌یرانی ناوخۆی لوبنان داده‌نێن


ناوبژیكارانی عه‌ره‌ب ڕۆژی چوارشه‌ممه‌یان كرد به‌ دوا واده‌ بۆ لایه‌نه‌ نه‌یاره‌كانی لوبنان له‌پـێناو گه‌یشتن به‌ ڕێـكه‌وتنێـك بۆ كۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانی سـیاسی ئه‌و وڵاته‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ میانه‌ی دانوسـتاندنه‌كانی دۆحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر نوێنه‌رانی ئۆپـۆزیسـیۆنی لوبنانی به‌ ڕێبه‌رایه‌تی حزبوڵڵا و نوێنه‌رانی حكومه‌ت كه‌ لایه‌نگری وڵاتانی ڕۆژئاوان نه‌یانتوانی كۆك بن له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ك بۆ پـێـكهێنانی حكومه‌تێـكی یه‌كگرتوو.

هاوكات وه‌زیری قه‌ته‌ر بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا ئه‌لمه‌حمود بۆ په‌یامنێرانی ڕاگه‌یاند كه‌ ناوبژیكاران یه‌ك ڕۆژی تریان داوه‌ به‌ هه‌ردوولایان بۆ تاوتوێـكردنی پـێشـنیازی عه‌ره‌بی له‌پـێناو خۆ لادان له‌ شه‌ڕی ناوخۆی لوبنان.

شـایانی باسه‌ له‌وه‌ته‌ی ڕۆژی هه‌ینی ڕابردووه‌وه‌ دانوسـتاندن له‌ نێوان نه‌یاره‌كانی لوبناندا كه‌وتۆته‌ گه‌ڕ.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ وتووێژه‌كان چووه‌ دۆخێـكی چه‌قیوه‌وه‌ به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی لایه‌نی ئۆپـۆزیسـیۆنی لوبنانی بۆ پـێشـنیازێـكی قه‌ته‌ری سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵـبژاردنی سه‌رۆكی نوێ و پـێـكهێنانی حكومه‌تێـكی یه‌كگرتووه‌ به‌ر له‌ سـازدانی قانونی نوێی هه‌ڵـبژاردن.

XS
SM
MD
LG