Accessibility links

سه‌میر ئه‌لصومه‌یده‌عی ده‌ڵێت هێشـتا عێراق پـێویستی به‌ كۆمه‌كی ئه‌مریكایه‌

  • Michael Bowman

باڵوێزی عێراق له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كانی نه‌وت داهاتێـكی زیاتری به‌ده‌سـتهێناوه‌ به‌ڵام هێشـتا وڵاته‌كه‌ی پـێویستی به‌ كۆمه‌كی ئه‌مریكایه‌.
سه‌میر ئه‌لصومه‌یده‌عی ئه‌مه‌ی له‌سه‌ر كه‌ناڵێـكی ئه‌مریكایی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ گوت. مایكڵ بۆمان ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ واشنتن ئاماده‌كردووه‌ و هاوكارمان موعته‌به‌ر شیروانی وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر كوردی.

كه‌ دێته‌ سه‌ر باسی داهاتی حكومه‌ت، عێراق و ئه‌مریكا به‌ دوو ئاڕاسـته‌ی پـێـچه‌وانه‌دا تێده‌په‌ڕن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ خه‌زێنه‌ی عێراق هه‌روا دێت و گه‌وره‌تر ده‌بێت، داله‌نگی بوجه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌مریكاش زیاتر ده‌بێت. بۆ ئه‌مسـاڵ پـێشـبینی ده‌كرێت كه‌ بگاته‌ 300 ملیار دۆلار له‌ كاتێـك گه‌شه‌ی ئابوری سـست و لاواز بووه‌.

ئه‌م جیاوازیـیه‌ی باری دراوی عێراق و ئه‌مریكا كارێـكی وایـكردووه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك یاسادانه‌ری ئه‌مریكایی پـرسیار بكه‌ن باشه‌ بۆچی ئه‌مریكا به‌رده‌وام به‌ ملیار دۆلار خه‌رج بكات بۆ یارمه‌تیدانی عێراق تا ژێرخانی له‌ پاش نه‌مانی سه‌دام حسێن ئاوه‌دان بكاته‌وه‌ له‌ كاتێـك وا دیاره‌ عێراق بۆخۆی ده‌توانێت خه‌رجی دراوی بكێشێت.

باڵوێزی عێراق له‌ ئه‌مریكا سه‌میر ئه‌لصومه‌یده‌عی یه‌كشه‌ممه‌ به‌ به‌رنامه‌ی Late Edition ی CNN ی گوت بۆی هه‌یه‌ باری دراوی عێراق به‌ره‌و چاكبوون بڕوات، به‌ڵام پـێویسـتیـیه‌كانی وڵات زیاترن له‌ سه‌رچاوه‌كانی دراوی.

سه‌میر ئه‌لصومه‌یده‌عی: " ڕاسته‌ عێراق بوجه‌ی زیادی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌و مانایه‌ نیـیه‌ كه‌ پـێویسـتی به‌و پاره‌یه‌ نه‌بێت. عێراق به‌ ته‌واوه‌تی وڵاتێـكی وێرانه‌، ده‌بێت ژێرخانی له‌ بنه‌ڕه‌تدا چاك بكرێته‌وه‌. زۆربه‌ی عێراقیـیه‌كان ته‌نانه‌ت ده‌سـتیان به‌ ئاوی خواردنه‌وه‌ش ڕاناگات."

باڵوێز صومه‌یده‌عی گوتیشی عێراق پاره‌ی هه‌یه‌ خه‌رجی بكات، به‌ڵام حكومه‌ت بۆی سه‌خته‌ قۆنتراتكاری لێهاتوو بدۆزێته‌وه‌ كه‌ بیانه‌وێت له‌ وڵات كار بكه‌ن به‌هۆی باری ئاسایشه‌وه‌. ئه‌و گوتیشی حكومه‌ته‌كه‌ی زۆری پـێ‌خۆشه‌ پـرۆژه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ده‌سـتپـێـبكات، وه‌ ئامانجی گه‌وره‌شی بۆ گه‌یشـتن به‌و مه‌به‌سته‌ له‌به‌رچاو گرتوون.

هه‌ردوو كاندیدی سه‌ره‌كی سه‌رۆكایه‌تی پارتی دیموكرات به‌ڵێنیان داوه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بكێشنه‌وه‌. ده‌ڵێن ئه‌مریكا ناتوانێت هه‌تاهه‌تایه‌ خه‌رجی له‌شـكری له‌وێ دابین بكات. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردووكیشـیان گوتوویانه‌ پـێـگری دراوی ئه‌مریكا بۆ عێراق به‌ شه‌وێـك به‌ كۆتایی نایه‌ت.

كاربه‌ده‌سـتانی عێراق گوتوویانه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن خه‌رجی حكومه‌تانی بێگانه‌ بده‌ن ئه‌وانه‌ی سه‌رمایه‌ له‌ پـرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ عێراق داده‌نێنه‌وه‌.

XS
SM
MD
LG