Accessibility links

وڵاتانی جیهان كۆمه‌كی بۆرما ده‌كه‌ن و ژماره‌ی كوژراوه‌كان ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 22 هه‌زار كه‌س


ڕێـكخراوه‌كانی فریاگوزاری نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و وڵاتی بۆرما به‌ڕێـكه‌وتوون، كه‌ به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌ر به‌ وڵات ژماره‌ی كوژراوان له‌ ئاكامی گه‌رده‌لوولی شه‌ممه‌ی ڕابردوو گه‌یشـتۆته‌ زیاتر له‌ 22 هه‌زار كه‌س.

هیندسـتان یه‌كه‌م كه‌شـتی به‌ باری خۆراك و ئاو و چادر و به‌تانی و ده‌رمانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی بۆرما كردووه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ڵێن نزیكه‌ی 41 هه‌زار كه‌س بێ سه‌روشوێنن و پـێشبینیش ده‌كرێت ژماره‌ی كوژراوان ڕوو له‌ زیادبوون بكات له‌و شـوێنانه‌ی كه‌ به‌ قورسی ده‌سـتیان پـێی ده‌كات.

گه‌رده‌لوولی ناسراو به‌ نارگیس بووه‌ به‌ هۆی ئاواره‌بوونی به‌ سه‌دان هه‌زار كه‌سه‌وه‌ و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئێجگار زۆری خۆراك و ئاوی خواردنه‌وه‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ یه‌كه‌م فڕۆكه‌ی گواسـتنه‌وه‌ی كارمه‌ندانی فریاگوزاری له‌ وڵاتی تایله‌نده‌وه‌ گه‌یشـته‌ ڕانگۆن، پـێشـبینی گه‌یشتنی فڕۆكه‌ی زیاتریش ده‌كرێت.

شـایانی باسه‌ له‌ ڕابردوودا وڵاتی بۆرما كۆمه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕتكردبۆوه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م كاره‌سـاته‌وه‌ ڕێـكخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌یـیه‌كانی كۆمه‌ك و فریاگوزاری په‌سه‌ند كردووه‌.

ئه‌مریكا و چه‌ند وڵاتێـكی ئه‌وروپا و ئاسـیا ئاماده‌ی خۆیان بۆ یارمه‌تی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام ڕێـكخراوه‌ مرۆیـیه‌كانی نێونه‌ته‌وه‌یی نیگه‌رانیـیان هه‌یه‌ كه‌ نه‌توانن كۆمه‌كی ئه‌و خه‌ڵـكانه‌ بكه‌ن له‌و ناوچه‌ هه‌ره‌ سه‌خته‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا كه‌ گه‌رده‌لوول زۆربه‌ی گرتۆته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG