Accessibility links

له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێـكی بۆمبڕێژكراو له‌ به‌غدا 9 عێراقی ده‌كوژرێن


پـۆلیسی عێراق ده‌ڵێت ئۆتۆمبیلێـكی بۆمبڕێژكراو له‌ ناوچه‌یه‌كی بازرگانی به‌غدادا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا 9 كه‌س كوژراون و نزیكه‌ی 23 كه‌سی تریش برینداربوون.

پـۆلیس ده‌ڵێت بۆمبه‌كه‌ به‌یانی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدادا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ له‌و ده‌مه‌ی كاروانێـكی له‌شـكری ئه‌مریكا به‌ ناوچه‌كه‌دا تـێپه‌ڕ بووه‌.

له‌ توندوتیژیه‌كی تردا، كاربه‌ده‌سـتانی عێراق ده‌ڵێن له‌ ئاكامی شه‌ڕه‌كانی گه‌ڕه‌كی سه‌دری به‌غدا له‌ دره‌نگانێـكی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌وه‌ تا پـێـنجشه‌ممه‌ 8 كه‌س كوژراون.

شـایانی باسه‌ له‌ كۆتایی مانگی ئازاره‌وه‌ به‌غدا زیادبوونێـكی به‌رچاوی توندوتیژیـیه‌كانی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، له‌و ده‌مه‌ی هێزه‌ عێراقی و ئه‌مریكایـیه‌كان ئۆپه‌راسـیۆنه‌كانیان له‌ دژی میلیشـیا شیعه‌كان له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌در چڕكردۆته‌وه‌‌. ئه‌و ناوچه‌یه‌‌ قه‌ڵایه‌كی مه‌لای توندڕه‌وی شیعه‌ موقته‌دا ئه‌لسه‌دره‌.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ له‌شـكری ئه‌مریكا ده‌ڵێت هێزه‌كانی له‌ میانه‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسـیۆنانه‌ی له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ و به‌ره‌به‌یانی پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ به‌غدا ئه‌نجامیان داوه‌ 27 یاخیبوویان كوشـتووه‌، هاوكاتیش به‌ هێرشی بۆمب 4 سه‌ربازی ئه‌مریكاییش كوژراون.

له‌شـكری ئه‌مریكا ده‌ڵێت له‌ مانگی چواردا51 سه‌ربازی له‌ عێراقدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌یان له‌ به‌غدا كوژراون، به‌وه‌ش مانگی چوار ده‌بێته‌ خوێناویترین مانگ‌ بۆ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ دوای مانگی نۆی سـاڵی ڕابردوودا.

XS
SM
MD
LG