Accessibility links

هێله‌ری كلنتن هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی په‌نسلڤانیا ده‌باته‌وه‌


ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی دیموكراته‌كاندا له‌سـتانی په‌نسلڤانیا سیناتۆر هێله‌ری كلنتن توانی سه‌ركه‌وتنێـكی باش به‌سه‌ر سـیناتۆر باراك ئۆبامای ڕكه‌به‌ری بهێنێت به‌وه‌ش هیواكانی خۆی بۆ گه‌یشتن به‌ كۆشـكی سـپی زیندوكرده‌وه‌. ئینجا ئێسـتا پـێشه‌بڕكێی دیموكراته‌كان ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ هه‌ردوو سـتانی نۆرث كارۆلاینا و ئیندیانا كه‌ بڕیاره‌ له‌ 6 ی مانگی پـێنجدا ده‌نگدانیان لێ ئه‌نجام بدرێت.
په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ واشـنتن جێم مه‌ڵۆن له‌ واشـنتن ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسیوه‌ و هاوكارمان به‌ڵێن سـاڵح به‌ كوردی ئاماده‌ی كردووه‌.

هێله‌ری كلنتن پـێویسـتی به‌ سه‌ركه‌وتن هه‌بوو تا له‌ پـێشـه‌بڕكێی ده‌سـنیشـانكردنی كاندیدی دیموكراته‌كاندا بمێنێـته‌وه‌ بۆ هه‌ڵـبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا و له‌ سـتانی په‌نسلڤانیا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی به‌ده‌ستهێنا له‌ ڕێی پـشـتیوانكردنێـكی به‌هێزی ژنانه‌وه‌ بۆی و هه‌روه‌هاش له‌ لایه‌ن دانیشـتووانی به‌ ته‌مه‌ن و ده‌نگده‌رانی سپی پـێسـتیشه‌وه‌.

هێله‌ری كلنتن سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی به‌سه‌ر سـیناتۆر باراك ئۆبامادا بوو كه‌ ئه‌میش له‌ لایه‌ن ئه‌فریكایـیه‌ ئه‌مریكیـیه‌كان و خوێندكارانی زانكۆ و ده‌نگده‌رانی تره‌وه‌ پـشـتیوانی ده‌كرا.

سه‌ركه‌وتنی ئۆباما له‌ سـتانی په‌نسـلڤانیا ده‌شێت ببوایه‌ته‌ هۆكارێـك بۆ ئه‌وه‌ی هێله‌ری هیوای نه‌مێنێت بگاته‌ كۆشـكی سـپی. له‌ لێدوانێـكدا بۆ لایه‌نگرانی سیناتۆر هێله‌ری كلنتن سوپاسی كردن.

هێله‌ری كلنتن: " ده‌شێت بكشێمه‌وه‌ یان وازبێنم، به‌ڵام هه‌تا ئێوه‌ پـشتیوانم بن و له‌گه‌ڵمدا بن ئه‌وا هه‌میشه‌ پاڵپـشـتی ڕاسـته‌قینه‌من و مایه‌ی هه‌ڵسـانه‌وه‌ن، چونكه‌ بۆ هێله‌ری كلنتن له‌ كۆتایدا پـرسـیاره‌كه‌ له‌وه‌دا نیـیه‌ ده‌توانرێت یان ناتوانرێت په‌یمانی ئه‌مریكا جێبه‌جێ بكرێت به‌ڵـكو بۆخۆی له‌وه‌دایه‌ ئه‌و په‌یمانه‌ جێبه‌جێ ده‌كات."

سیناتۆر ئۆباما ئه‌م هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌ی سـتانی په‌نسلڤانیای دۆڕاند وێڕای ئه‌وه‌ی دوو هێنده‌ی سـیناتۆر هێله‌ری پاره‌ی بۆ هه‌ڵـمه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵـبژاردن خه‌رج كردبوو. له‌ ئێسـتادا هێشـتاش سـیناتۆر ئۆباما له‌ سه‌رجه‌م ده‌نگی نوێنه‌راندا له‌ پـێشه‌ و له‌ ته‌واوی ده‌نگی گشـتیشـدا. به‌ڵام سیناتۆر هێله‌ری زۆربه‌ی سـتانه‌ گه‌وره‌كانی بردۆته‌وه‌ وه‌ك په‌نسلڤانیا، ئۆهایۆ، ته‌كسـاس، كالیفۆرنیا و هه‌روه‌ها سـتانی نیویۆركیش.

له‌ ئیندیاناش سـیناتۆر ئۆباما وتارێـكی بۆ لایه‌نگرانی پـێشـكه‌ش كرد و تیایدا سه‌نگی خسـته‌ سه‌ر جیاوازیـیه‌كانی له‌گه‌ڵ سـیناتۆر جۆن مه‌كـكه‌ینی كاندیدی كۆماریـیه‌كان بۆ پـۆسـتی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا.

سـیناتۆر ئۆباما: " ده‌زانین چی له‌ كاندیدی پارتیـیه‌كه‌ی تر ده‌سـته‌به‌ر ده‌كرێت. جۆن مه‌ككه‌ین سه‌رتاسه‌ری ژیانی له‌ خزمه‌تی ئه‌م وڵاته‌دا بووه‌ و ڕێزی لێ‌ده‌گیرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ ئه‌م وڵاته‌ی ناڕه‌خسـێنێت گۆڕانێـكی مانا به‌خشه‌ له‌ سـیاسه‌ته‌كانی جۆرج ده‌بلیو بوشـدا."

هێشـتاش 9 هه‌ڵـبژاردنی به‌رایی تر ماون بكرێن به‌ر له‌ كۆتایی هاتنی ئه‌م وه‌رزی هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیانه‌ له‌ ڕۆژی 3 ی مانگی شه‌شدا. له‌ ئێسـتاشدا پـێـده‌چێت هیچ یه‌كێـك له‌ كاندیده‌كانی دیموكراته‌كان ژماره‌ی پـێویسـتی ده‌نگی نوێنه‌رانیان به‌ده‌ست نه‌هێنابێت تا بـبنه‌ كاندیدی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ش یانی ئه‌وه‌ی ده‌نگی نوێنه‌ره‌ تایبه‌ته‌كان یه‌كلایـیـكه‌ره‌وه‌ بێت به‌ر له‌ كۆنگره‌ی دیموكراته‌كان كه‌ بڕیاره‌ له‌ كۆتایی مانگی هه‌شتدا له‌ دێـنڤه‌ر بكرێت.

ستیوارت ڕۆتمبێرگ شیكه‌ره‌وه‌یه‌كی سـاسـیـیه‌ و ده‌ڵێت " ڕێبه‌رانی دیموكراته‌كان له‌و بڕوایه‌دان پـێویسـته‌ ئه‌م پـێشـه‌بڕكێی كاندیدانه‌ له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كاندا ته‌واوبێت، وه‌ نایانه‌وێت درێژ بێته‌وه‌ بۆ مانگی شه‌ش و مانگی حه‌وت یان وه‌ك ده‌ڵێن خوا نه‌كرده‌ بگاته‌ مانگی هه‌شت و ده‌شڵێن خواسـتیانه‌ زۆر به‌ خێرایی كۆتایی پـێبێت."

له‌ پاش هه‌ڵـبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كه‌ی په‌نسلڤانیا هه‌ردوو سیناتۆر ئۆباما و كلنتن سه‌نگیان خسـتۆته‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ به‌رایـیه‌كانی هه‌ردوو سـتانی نۆرث كارۆلاینا و ئیندیانا.

XS
SM
MD
LG