Accessibility links

له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی خۆكوژی له‌ باكوری عێراق به‌ لایه‌نی كه‌م 50 كه‌س ده‌كوژرێن


هێرشبه‌رێـكی خۆكوژ خۆی له‌ پـرسه‌یه‌كی ماته‌مینیدا له‌ باكوری عێراق ته‌قاندۆته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا به‌ لایه‌نی كه‌م 50 كه‌س كوژراون و زیاتر له‌ 20 كه‌سی تریش برینداربوون.

پـۆلیس و زیندووماوانی ڕووداوه‌كه‌ ده‌ڵێن خۆكوژه‌كه‌ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ گوندێـكی باشوری كه‌ركوك خۆی به‌ ناو ئه‌و چادره‌دا كردووه‌ كه‌ به‌شـداربووانی پـرسه‌كه‌ له‌ ژێردا كۆبووبوونه‌وه‌‌ و پاشـان خۆی ته‌قاندۆته‌وه‌. پـرسه‌كه‌ بۆ مه‌رگی دوو ئه‌ندامی كۆمه‌ڵێـكی خۆجێی دانرابوو كه‌ له‌دژی هێزه‌كانی ئه‌لقاعیده‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ن.

ئه‌م توندوتیژیـیه‌ دوابه‌دوای ئه‌و زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌ كوشـندانه‌ دێت كه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ ناوچه‌كانی عه‌ره‌بی سـوننه‌دا ڕوویدا. هه‌ر ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ به‌هۆی دوو هێرش كه‌ یه‌كێـكیان له‌ باقوبه‌ و ئه‌وی تریان له‌ ڕومادی ڕوویاندا زیاتر له‌ 50 كه‌س كوژران و نزیكه‌ی 100 كه‌سی تریش برینداربوون. به‌رپـرسـانی له‌شـكری ئه‌مریكا و عێراق وه‌باڵی ئه‌و دوو هێرشـه‌یان خسـته‌ ئه‌سـتۆی ئه‌لقاعیده‌وه‌.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن له‌ شه‌وی چوارشه‌ممه‌وه‌ شه‌ڕ له‌ نێوان هێزه‌ عێراقـی و ئه‌مریكایـیه‌كان له‌ دژی میلشـیا شیعه‌كان له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌در هه‌ڵـگیرسـاوه‌ته‌وه‌ و له‌شـكری ئه‌مریكا ده‌ڵێت هێرشی ئاسـمانی له‌وێ كردووه‌. به‌ڵام ژماره‌ی ته‌واوی زیانه‌ گیانیـیه‌كان یه‌كلا نه‌بۆته‌وه‌، هه‌واڵ هه‌یه‌ باس له‌ كوژرانی 2 كه‌س و برینداربوونی 18 كه‌سی تر ده‌كات و هه‌شه‌ ده‌ڵێت زیانه‌كان دوو ئه‌وه‌نده‌یه‌.

له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌،له‌ باره‌گای ناتۆ له‌ برۆكسـل سه‌رۆك وه‌زیری عێراق نوری ئه‌لمالیكی داوای له‌ هاوپه‌یمانان كرد كه‌ زیاتر ئامێر و كه‌لوپه‌لی له‌شـكری به‌ هێزه‌كانی عێراق بده‌ن و مه‌شـقی زیاتریشـیان پـێبكه‌ن.

پـێشـتر هه‌ر له‌م هه‌فته‌یه‌دا نوری ئه‌لمالیكی له‌ برۆكسـل گوتی ئه‌و دڵنیایه‌ له‌وه‌ی ئه‌لقاعیده‌ له‌ عێراقدا شـكست ده‌هێنێت.

سه‌باره‌ت به‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی باشوری كه‌ركوك په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا یه‌حیا به‌رزنجی ڕاپـۆرتی ناردووه‌.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كانی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ شـاری موسڵ ئه‌میر گۆران په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا له‌و شـاره‌ ڕاپـۆرتی ناردووه‌.
ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی هه‌ردوو ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌.

XS
SM
MD
LG