Accessibility links

ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی ئێران ده‌ڵێن وڵاته‌كه‌یان ده‌ستی كردووه‌ به‌ وه‌گه‌ڕخسـتنی نزیكه‌ی 500 سه‌نته‌رفیوجی ناوه‌كی


ڕاگه‌یاندنی سه‌ر به‌ وڵات له‌ ئێران ده‌ڵێت ئێران نزیكه‌ی 500 ئامێری سه‌نته‌رفیوجی پـیتاندنی یۆرانیۆمی خستۆته‌گه‌ڕ له‌ ده‌زگای ناتانزی ناوه‌كی.

ڕۆژی هه‌ینی ئاژانسی ڕاگه‌یاندنی كۆماری ئیسلامی له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی نائاشـكراوه‌وه‌ كه‌ ئاشـنایی به‌و به‌رنامه‌یه‌ هه‌یه‌ ڕایگه‌یاند ئه‌م ئامێرانه‌ به‌شـێـكن له‌ 3 هه‌زار ئامێری سه‌نته‌رفیوج ئه‌وانه‌ی سـاڵی ڕابردوو له‌ ده‌زگای ناوه‌كی ئێراندا دامه‌زرابوون.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی ڕابردوو سه‌رۆكی ئێرانی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد پـلانی تارانی ڕاگه‌یاند سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی 6 هه‌زار ئامێری نوێی سه‌نته‌رفیوج له‌ ده‌زگای ناوه‌كی ناتانز.

هاوكات كاربه‌ده‌سـتێـكی باڵای ناوه‌كی ئێران نكۆڵی له‌وه‌ كرد كه‌ ئێران گیروگرفتی ته‌كنیكی هه‌بێت سه‌باره‌ت به‌ فراونكردنی چالاكیـیه‌ ناوه‌كیـیه‌كان.

شـایانی باسه‌ هه‌نووكه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سێ بڕیاری سـزادانی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاندووه‌ هاوكاتی په‌راوێزكردنی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ئێران له‌سه‌ر ڕازی‌نه‌بوونی ئه‌و وڵاته‌ بۆ ڕاگرتنی پـیتاندنی یۆرانیۆم، ئه‌و پـرۆسه‌یه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ دروسـتكردنی چه‌كی ناوه‌كی به‌كاربێت.

XS
SM
MD
LG