Accessibility links

ڕۆبه‌رت گه‌یتس پـێشـبینی ناكات هه‌تا كۆتایی ئه‌مسـاڵ‌ ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بۆ 100 هه‌زار كه‌م بكرێته‌وه‌


وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕۆبه‌رت گه‌یتس ده‌ڵێت چیدی له‌و باوه‌ڕه‌دا نیـیه‌ كه‌ ئه‌مریكا بتوانێت هه‌تا مانگی یه‌كی سـاڵی داهاتوو ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئاستی 100 هه‌زار سه‌رباز كه‌م بكاته‌وه‌.

پـێشـووتر له‌ مانگی نۆی ڕابردوودا به‌ڕێز گه‌یتس پـێشـبینی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كردبوو، به‌ڵام ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ میانه‌ی پـێشـكه‌شـكردنی ڕاپـۆرتی خۆی بۆ كۆمیته‌ی كاروباری له‌شـكری سینات له‌و لێـدوانه‌ پاشـه‌گه‌ز بۆوه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ سه‌رۆك بوش له‌ وتارێـكدا ڕایگه‌یاند كه‌ كشـانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان ڕاده‌گرێت به‌ ته‌واوبوونی خولی ئێسـتای كشـانه‌وه‌ كه‌ له‌ مانگی حه‌وتدا كۆتایی پـێدێت. به‌م جۆره‌ پـێشـبینی ده‌كرێت نزیكه‌ی 140 هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ عێراق بـمێـنـنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها به‌ڕێز بوش واده‌ی 45 ڕۆژی له‌ سه‌ره‌تای مانگی حه‌وته‌وه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی له‌شـكری باڵای ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌یڤد په‌تریه‌س داوه‌ بۆ هه‌ڵـسه‌نگاندنی بارودۆخه‌كه‌ پـێش بڕیاردان له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی هێزه‌كانی ئه‌مریكا.

به‌ڕێز گه‌یتس به‌ كۆمیته‌ی كاروباری له‌شـكری سیناتی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند كه‌ پـێشـبینی ده‌كات سوپای ئه‌مریكا كشـانه‌وه‌ی زیاتری هێزه‌كانی دوای مانگی حه‌وت ئه‌نجام بدات به‌ مه‌رجێـك هه‌تا ئه‌وسـا بارودۆخی ئاسایش به‌ره‌و باشی بڕوات.

سه‌باره‌ت به‌ ڕاپـۆرته‌كه‌ی ڕۆبه‌رت گه‌یتس بۆ كۆمیته‌ی كاروباری له‌شـكری سینات، په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا ئاڵ په‌سن له‌ واشـنتنه‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی ئاماده‌كردووه‌ و هاوكارمان جانی دیلان وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر كوردی، ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 3 خوله‌كه‌.

XS
SM
MD
LG